گرنگیی مەشقی وەرزشی لەكاتی دووگیانیدا
مەشقی وەرزشی گرنگیی تەندروستیی زۆری هەیە بۆ دایك و كۆرپە بە درێژایی مانگەكانی دووگیانی. سوودە سەلمێنراوەكانی مەشقی وەرزشی لەكاتی دووگیانیدا: پاراستنی جومگەكان كە لەكاتی دووگیانیدا بە شێوەیەكی سرووشتی لەبەر گۆڕانی هۆرمۆنی دوچاری سستبوونەوە دەبن، گەڕاندنەوەی خێرای شێوەی لەش بۆ حاڵەتی پێش دووگیانی، باشتربوونی ئاستی وزەی لەش، كەمكردنەوەی ناڕەحەتی و ئازاری پشت لەرێگەی باشتربوونی هێز و تۆنی ماسوولكەكانی پشت و رانەكان، باشتركردنی مەزاج و هاندانی خەوێكی ئارام و سووك، كەمكردنەوەی نیگەرانیی پەیوەست بە دووگیانی و ئاڵۆزییەكانی، باشتركردنی سووڕی خوێن بۆ پێست، زیادكردنی ئاستی ئامادەباشیی لەش بۆ كرداری منداڵبوون، كەمكردنەوەی ئەگەری روودانی ئاڵۆزییەكانی دووگیا، بەتایبەتی نەخۆشیی شەكرەی پەیوەست بە دووگیانی Gestational diabetes و ژاراویبوونی دووگیانی Preeclampsia. مەشقە گونجاوەكان بۆ ئافرەتی دووگیان: پیادەڕۆیی، مەلە، یۆگا، هەروەها لێخوڕینی پایسكلی جێگیر، هاوكات لەگەڵ دووركەوتنەوە لە هەر مەشقێكی توند. بەر لە دەستپێكی هەر جۆرە مەشقێكی وەرزشی لەكاتی دووگیانیدا، پێویستە كە جۆر و ماوە و كاتی ئەنجامدانی مەشقەكە تەنیا لە لایەن دكتۆری ئافرەتانەوە بۆ هەر ئافرەتێكی دووگیان دیاری بكرێت. پێویستە كە راستەوخۆ واز لە مەشقی وەرزشی بێنیت لەكاتی سەرهەڵدانی یەكێك، یان پتر لەم نیشانانەی خوارەوە: هەستكردن بە ماندووبوونێكی زۆر، سەرسووڕان، دڵەكوتێ و هەستكردن بە توندبوونی سینگ، یان سینگ ئێشە، هەستكردن بە سووكبوونی سەر، هەناسەتەنگی، ئازار لە پشت یان ناوچەی حەوزدا، بینینی خوێن یان شلەی دیكە، هەستكردن بە گرژبوونی منداڵدان، پاشان پێویستە كە مەسەلەكە لەگەڵ دكتۆر هەڵسەنگێندرێت و بڕیاری لەسەر بدرێت.
