جگەرەكێشان بۆ ئافرەت زیانبەخشترە

جگەرەكێشان بۆ ئافرەت زیانبەخشترە

جگەرەكێشان یەكێكە لە هۆكارە سەرەكییەكانی تووشبوون بە نەخۆشیی خوێنبەرەكانی دڵ، كە بە هۆكاری یەكەمی مردن لە سەرتاسەری جیهان هەژمار دەكرێت. بەم دواییە توێژەرانی زانكۆی جۆنس هۆپكنس لە گۆڤاری لانسێتی Lancet پزیشكیدا ئەمەیان بڵاوكردەوە، كە ئەگەری تووشبوون بە نەخۆشییەكانی كۆئەندامی دڵ و سووڕان لە ئافرەتە جگەرەكێشەكاندا زیاترە بەراورد لەگەڵ پیاوە جگەرەكێشەكان، كە رۆژانە هەمان ژمارەی جگەرە بۆ هەمان ماوەی كاتی دەكێشن. توێژەران ئەمەشیان روون كردووەتەوە كە جگەرەكێشان لە ئافرەتدا بەراورد لەگەڵ پیاوانی جگەرەكێش ئەگەری تووشبوونیان بە نەخۆشیی خوێنبەرەكانی تاجی دڵ تا 25% زیاتر دەكات، هەروەها جگەرەكێشان ئافرەت زیاتر لە پیاو دوچاری تێكچوونی خوێنبەرەكان دەكاتەوە، تا ئافرەت لەسەر جگەرەكێشان بەردەوام بێت، ئەگەری تووشبوونی بە نەخۆشیی دڵ ساڵ دوای ساڵ زیاتر دەبێت. تا ئێستا بە تەواوی روون نییە كە بۆ چی جگەرەكێشان بۆ تەندروستیی دڵی ئافرەت زیانبەخشترە لە پیاو، بەڵام زانایان پێیان وایە كە لەوانەیە جیاوازیی فسیۆلۆژی ئافرەت و پیاو رۆڵی هەبێت. لە لایەكی دیكە جگەرەكێشان زیانی زیاتر بە DNA دەگەیەنێت، هەروەها توانای چاكبوونەوەی DNA لە ئافرەتدا لاوازترە بە بەراورد لەگەڵ پیاو، ئینجا هۆرمۆنی ئیسترۆجین كە لە گرێیەكانی شێرپەنجەی سییەكان لە ئافرەتدا بەدی كراوە، لەوانەیە كە هۆكار بێت بۆ كاریگەریی زیاتری جگەرە لەسەر لەشی ئافرەت.

 

Top