وریابە لە وشكبوونی دەم!
وشكبوونی دەم Xerostomia حاڵەتێكی سەخت نییە، بەڵام ئەگەر بەردەوام بوو، ئەوا لەوانەیە كە نیشانەیەك بێت بۆ نەخۆشی، كە پێویستی بە چارەسەری خێرا هەبێت، لەوانەشە كە ببێتە ئەگەری چەند ئاكامێكی خراپی تەندروستیی وەك: كلۆربوونی ددان، نەخۆشیی پوك، كولبوونی دەم، هەوكردنی دەم بە كەڕوو Thrush، قڵیشانی لێو و گۆشەكانی دەم، هەروەها گرفت لە جووین و قووتدانی خۆراك. هۆكارەكانی وشكبوونی دەم: كەمبوونەوەی رێژەی شلەی لەش لەبەر كەمخواردنەوەی ئاو و شلەمەنی، یان زیاد ئارەقەكردن، زیانی لابەلای بەكارهێنانی هەندێك دەرمان، هەناسەوەرگرتن بە رێگای دەم لەكاتی نووستندا، پەستی، زیانی چارەسەرەكانی شێرپەنجە وەكو چارەسەر بە تیشك، یان چارەسەری كیمیایی، هەوكردنی دەم بە كەڕوو كە زیاتر لە جگەرەكێش و تووشبووانی نەخۆشیی شەكرەدا روو دەدات. هەنگاوەكانی چارەسەركردن: خواردنەوەی بڕێكی باشی ئاو رۆژانە، جووینی بنێشتی بێ شەكر، بەكارهێنانی چەوركاری تایبەت بە لێو Lip balm لەكاتی وكشبوونیان، شووشتنی ددانەكان بەلای كەم رۆژانە دوو جار، بەكارهێنانی ئەو جۆرەی غەرغەرە Mouthwash كە ئەلكهول لەخۆ ناگرێت، دووركەوتنەوە لە زیاد خواردنەوەی شلەمەنییە كافائینییەكانی وەكو چای و قاوە و كاكاو، هەروەها شلەمەنییە گازدارەكان، كەمكردنەوەی خۆراكی تیژ و شیرین و شۆر، كەمكردنەوەی خۆراكی ترش وەكو لیمۆ و سركە، دووركەوتنەوە لە جگەرەكێشان، نەخەوتن بە تاقمی ددانەوە، ئەگەر هەبێت.
