ورووژێنەرەكانی شەقەسەر
شەقەسەر Migraine نۆرەی سەرئێشەیە كە زیاتر لایەكی سەر دەگرێتەوە، لەوانەشە هەموو لای سەر و چاوەكانیش بگرێتەوە، تووشبوو بە توندی ناڕەحەت دەكات. گەلێك خۆراك و شلەمەنی هاندەرن بۆ سەرهەڵدانی نۆرەی سەرئێشە لە تووشبووانی شەقەسەردا وەك: مۆز، پەنیر، ئاڤۆكادۆ، هەنجیر، مێوژ، ئایس كرێم، ماست، نیسك، چەرەزات، ترشیات، هەروەها ئەو خۆراك و شلەمەنییانەی ماددەی كافائین لەخۆ دەگرن وەكو چای، قاوە، كاكاو، سۆدا، خواردنەوە وزەبەخشەكان، شۆكۆلاتە. هۆكارە وروژێنەرەكانی دیكە بۆ نۆرەی شەقەسەر وەك: گوشار و شەكەتیی كار، تووڕەبوون، ململانێ و ناكۆكی، بۆن و بەرامی بەهێز، دوكەڵی جگەرە یان ڤەیپ، بۆنی خۆراك لەكاتی ئامادەكردندا، رووناكیی بەهێزی خۆر، یان رووناكیی دەستكرد بەتایبەتی لایتەكانی ئۆتۆمۆبیل، گۆڕانی كەشوهەوا، بەتایبەتی گۆڕانی كوتوپڕی پەستان و پلەی گەرمیی هەوا و رێژەی شێداریی هەوا، بارانی لەناكاو، چوون بۆ شوێنی زۆر بەرز، لە هەندێك تووشبوودا سەفەر بە فڕۆكە ورووژێنەرە بۆ نۆرەی سەرئێشە، هەروەها مەشقی وەرزشیی توند، هەڵگرتنی تەنی قورس، ناڕێكیی كاتی ژەمەكانی خۆراك، برسیبوون لەبەر دواخستنی ژەمی خواردن، سترێس، گرفتەكانی خەو جا كەم نووستن یان زیاد نووستن، زیانی لابەلای هەندێك دەرمان وەكو دەرمانی دژی دووگیانی و هەموو ئەو دەرمانانەی كە دەبنە هۆی فراوانكردنەوەی بۆرییەكانی خوێن، بۆنموونە: دەرمانەكانی نەخۆشیی دڵ و كۆنترۆڵكردنی پەستانی بەرزی خوێن، هەروەها گۆڕانی هۆرمۆنی لە ئافرەتی تووشبوودا، بەتایبەتی بەرزی و نزمیی هۆرمۆنی ئیسترۆجین پێش دەستپێك و لەكاتی سووڕی مانگانە و دووگیانی و وەستانی یەكجارەكی سووڕی مانگانەدا Menopause.
