گۆپاڵ لە دەستی پیاوان و ئافرەتانی كورد
زۆرجار گۆچان، یان گۆپاڵ، كەرەستەیەكی یاریدەدەرە بە مرۆڤەوە، كە بۆ رۆیشتن، یان هەڵسان و دانیشتنی ئەوانەی كێشەیان لە قاچ و ئەژنۆكانیاندا هەیە، تا بتوانن بەو ئامرازە بڕۆن و هاوسەنگیی خۆیان بپارێزن، تەنانەت وەك كەرەستەیەك بۆ مەڕداری و شوانی و گاوانی بەكار هێنراوە، هەروەها وەك چەكێك بە دەستی پیاوانی كوردەوە بووە، تا لە كاتی تەنگانەدا بەكاری بهێنن، گۆپاڵ لە دار دروست دەكرێت، لە شێوەی پیتی(T)ئینگلیزی، یان سەرەوەی بە شێوەی چەماوەیەكی سێ چارەك بازنەیی چێ دەكرێت، گۆپاڵەكان بە دوو رێگە دروست دەكرێن، یەكەمیان: كۆلكە دارێك دەهێندرێت و دەخرێتە ناو قاڵبێك كە شێوەی گۆچانی بۆ كراوە، كۆلكە دار وەك داری بناو، یان هەر دارێك كە رەق بێت و شكانی ئەستەم بێت، بە هەڵكۆڵین لەسەر پارچە دارێك دەخرێتە نێو قاڵبەكە تا شێوەی گۆپاڵ وەردەگرێت، رێگەی دووەم هێنانی لقە دارێكی دوو سەر تا رادەیەك ئەستوور بێت، پاشان خۆش دەكرێت و كاری پاككردنەوەی لەسەر لایەكی بە شێوەی بازنەیی بۆ دەكرێت، كە ئەو شوێنەیە بە دەست دەگیرێت. هەموو دارێك نابێتە گۆپاڵ، ئەو دارانەی زیاتر باون بریتیین لە: داری بناو، مەران و دار گوێز و تاوك و هەلۆكە، بەڵام باشترین دار كە بكرێتە گۆپاڵ، دار كنێرە. قورسترین بەش لە دروستكردنی گۆپاڵ، چەماندنەوەی سەری دارەكەیە، ئەو كارەش سەرەتا لقە دارە تەڕەكە دەبڕدرێت، دواتر لە نزیك قاڵبی گۆچان ئاگر دەكرێتەوە سەری لقە دارەكە بە نزیكەی (20 تا 25) سەنتیمەتر دەخرێتە ناو ئاگرەكە تا بە ئەندازەی پێویست گەرم دەبێت، دواتر دەچەمێندرێتەوە، دوای چەماندنەوە دارەكە لە نێو قاڵبەكە بۆ ماوەی دوو رۆژ دەمێنێتەوە، تا وشك و رەق دەبێت و ئەو شێوە وەردەگرێت كە مەبەستە، دواتر گۆپاڵەكە لووس دەكرێت، گرێ و بەشی زیادەی لێ دەكرێتەوە، تا دەبێتە گۆچانێكی شیاو.
