مانگی داهاتوو ره‌شنووسی بودجه‌ په‌سه‌ند ده‌كرێت

مانگی داهاتوو ره‌شنووسی بودجه‌ په‌سه‌ند ده‌كرێت
مانگی دووی ئەم ساڵ رەشنووسی پڕۆژەیاسای بودجەی هه‌رێمی كوردستان تەواو دەبێت و لە ئەنجوومەنی وەزیران پەسند دەكرێت، دواتر رەوانەی پەرلەمانی كوردستان دەكرێ. سەرۆکی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوونی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، مانگی دووی ئەم ساڵ رەشنووسی پرۆژە یاسای بودجەی2021 تەواو دەبێت و رەوانەی پەرلەمانی دەکەین و هێڵە گشتییەکانی پرۆژەیاساکەشی ئاشکراكرد.

فەرمانگەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان سەرقاڵی ئامادەکردنی پرۆژە یاسای بودجەی 2021ە بەپێی ئەو خشتە کاتیە بۆی دانراوە، دەبێت لە مانگی دوو رەشنوسی پرۆژەکە ئامادەبکرێت و بنێردرێتە پەرلەمانی کوردستان.

عەبدولحەکیم خەسرەو، سەرۆکی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوونی حکومەتی هەرێمی کوردستان گوتی: هێلە گشتیەکانی پرۆژەکە خۆی لە شەفافی و خستنەڕووی سەرجەم داهاتەکان و لامەرکەزی دەبینێتەوە و پرۆژە یاسای بودجە لەو چوارچێوەیەدا ئامادە دەکرێت.

ئامادەکردنی پرۆژە یاسای بودجە و هێڵە گشتیەکانی پڕۆژەکە لە رووی ئابووریەوە بۆ هەرێمی کوردستان سوودیان دەبێت، بە تایبەت پرسی شەفافیةت لە داهات و خەرجیەکان دەبێتە ھۆی گەڕانەوەی متمانە. هێڵی گشتی لامەرکەزیش دەبێتە هۆی کێبرکێی ئاوەدانکردنەوە لە نێو پارێزگاکان بەو داهاتەی بۆیان دیاری دەکرێت لە پرۆژەکانی خۆیان بەکاری دەهێنن.

فەرهاد کاکەيی، پسپۆری ئابووری گوتی: هێڵە گشتییەکان دەبنە هۆی گەڕانەوەی متمانە بە تایبەت پرسی لامەرکەزی، کە رۆڵی دەبێت لە کێبڕکێی ئاوەدانکردنەوە.

دوای حەوت ساڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان پرۆژە یاسای بودجەی 2021ی ئامادە دەکات. ئەو پڕۆژەیە وردەکای سەرجەم داهات و خەرجیەکانی حكومەت دەخاتە بەردەم پەرلەمان، بە جۆرێک ئامادەکردنی ئەو پرۆژەیە لەو چوارچێوەیە دەبێت، كه هەرێمی کوردستان پشت بە داهاتەکانی خۆی دەبەستێت و چاوەرێی بەغدا ناکات؛ بەڵام هەوڵەکانیشی بۆ رێککەوتن لەگەڵ بەغدا بەردەوام دەبێت.
k24 -
Top