چەند کەسێکی دیکە لەسەر کەیسەکەی سلێمان ھەڵشۆیی دەستگیر کران
محەمەد فازڵ، گوتەبێژی ئاسایشی ڕاپەڕین ڕايگەیاند: "دوای ئاگادارکردنەوەمان لە کاری ئەو کەسە (سلێمان ھەڵشۆیی) کە بە فێڵ پارەی لە خەڵک وەرگرتووە و بەڵێنی پێدانەوەی زیاتری پێداون و دواتر پارەکەی نەداونەتەوە، ئەو کەسەمان دەستگیر کرد".
گوتیشی: "لەمیانی لێکۆڵینەوەی سەرەتاییدا دەرکەوت کە چەند کەسێکی دیکەش لەو بابەتەوە گلاون، بۆیە جگە لە سلێمان ھەڵشۆیی، حەوت کەسی دیکەش دەستگیر کراون".
محەمەد فازڵ باسی لەوەش کرد، ئێستا دۆسیەکە دراوەتە پۆلیسی ڕاپەڕین و ئەوان لێکۆڵینەوەی زیاتر دەکەن، ئەگەر خەڵکی دیکە دەستی لە بابەتەکە ھەبێت، دەستگیری دەکەن.
ههر لهمبارهیهوه لەشکر سەعید، بەڕێوەبەری پۆلیسی ڕاپەڕین ڕايگەیاند: "جگە لە سلێمان ھەڵشۆیی، خەڵکی دیکە لەو بابەتە گلاون و دەستگیرمان کردوون".
بەڕێوەبەری پۆلیسی ڕاپەڕین ڕوونیشى كردهوه: "لێکۆڵینەوە لەگەڵیاندا بەردەوامە و بەپێی یاسا لێکۆڵینەوە و مامەڵەیان لەگەڵدا دەکرێت، ھەر کەسێکی دیکە لە بابەتەکەوە گلابێت، دەستگیر دەکرێت".
پێشووتر سلێمان ھەڵشۆیی لەو ماوەیەی کە دەستی بەو کارەی کردووە، بڕی ههشت ملیۆن دۆلار و ژمارەیەک ئۆتۆمبێل، چەک و خانوو، زەوی و موڵکێکی زۆری خهڵکی کەوتووەتە لا و بەو بەڵێنە لێی کڕیونەتەوە، کە لە ماوەیەکی دیاریکراو بڕە پارەیەکی زیاتر لە نرخی خۆیان پێبدات، بەڵام دواتر بەڵێنەکەی نەبردووەتە سەر و مایهپووچ بووە و بەھۆیەوە دەستگیر کراوە.
گوتەبێژی ئاسایشی ڕاپەڕین داوا لە ھاووڵاتییان دەکات: "به ھەموو شێوەیەک خۆیان لەو جۆرە مامەڵانە بهدوور بگرن، بۆ ئەوەی لە زەرەرمەندبوون و ھاتنەپێشەوەی کێشە و گرفت دوور بن".
باسنيوز
