هەندێک پەرلەمانتاری عێراق پاش کۆبوونەوە لەگەڵ شاندی هەرێمی کوردستان: یەک دیناریش نانێرین
هاوکات یوسف کیلابی، پەرلەمانتاری سەربەخۆ لە پەرلەمانی عێراق لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانی گوتی، ئەوان لەگەڵ پارێزگاری بانکی ناوەندیی عێراق قسەیان کردووە و پێیان گوتراوە بانکی ناوەندی هیچ ئاگاداری داهاتی نەوتی هەرێمی کوردستان نییە و نازانن لە چ بانکێکەوە پارە دادەنرێت، بۆیە بەناوی هەندێک لە پەرلەمانتارانی عێراقەوە داوایکرد هەرێمی کوردستان یاسای پڕکردنەوەی کورتهێنانی بودجە بکاتە دەرگایەک بۆ چارەسەری کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا و داهاتی نەوت بخاتە بانکێک، بەشێوەیەک لەژێر چاودێریی بانکی ناوەندیی عێراق و لیژنەی داراییدا بێت.
کۆنگرە رۆژنامەڤانییەکە بۆ ژمارەیەک پەرلەمانتاری عێراق بوو لەپاش کۆبوونەوەیەکی شاندی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتیی قوباد تاڵەبانی. یوسف کیلابی رایگەیاند، کۆبوونەوەکە "زۆر راشکاوانە" بووە و بە گوتەی ئەو شاندەکەی هەرێمی کوردستان بۆ دانوستاندن لەسەر یاسای پڕکردنەوەی کورتهێنانی بودجە چوونەتە پەرلەمان، ئەمەش لەکاتێکدایە ماوەی بەرکاربوونی ئەو یاسایە تەنیا بۆ 14 رۆژی دیکەیە و ئیدی کۆتایی پێدێت، بۆیە داوایکرد حکومەتی هەرێمی کوردستان بەشێوەیەکی ریشەیی کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا چارەسەر بکات.
ئەو پەرلەمانتارە سەربەخۆی عێراق ئاماژەی بەوە کرد، هەرێمی کوردستان دوو بژارەی لەبەردەستە، یەکێکیان ئەوەیە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان وەکو پارێزگاکانی دیکەی عێراق، بودجە وەربگرن بۆ پرۆژەکان یاخود ئەوەی کە هەموو پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان بە یەک پاکێج و پێکەوە بودجە لە بەغدا وەربگرن. بۆ بژارەی دووەم، ئەو پەرلەمانتارە گوتی، هەرێمی کوردستان دەبێت پابەندی یاسای کارگێڕیی دارایی بەغدا بێت کە تێیدا بە ئاشکرا باس لەوە کراوە، داهاتەکانی وەکو نەوت و غاز، داهاتی فیدراڵین و دەبێت لەژێر چاودێریی دیوانی چاودێریی دارایی و وەزارەتی داراییدا بن.
هەردوو پەرلەمانتارەکە ئاماژەیان بەوە دا کە موسەنا ئەمین، پەرلەمانتاری یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان لە دانیشتنەکەدا پێشنیازی ئەوەی کردووە لەڕێگەی بایۆمەترییەوە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان ببەسترێتەوە بە حکومەتی عێراقەوە، ئەمەش پێشنیازێکی پەسندە.
موسەنا ئەمین لەمیانی بەشداریکردنی لەبارەی کۆبوونەوەکەوە گوت، هەرچەندە پەرلەمانتارانی عێراق بە حەرفی نەیانگوتووە "یەک دینار نانێرین"، بەڵام ئەو هەستە لە دڵی زۆرێک لە پەرلەمانتارانی عێراقدا هەیە، گوتیشی، پەرلەمانتارانی عێراق هەندێک پرسیاریان هەبووە کە شاندەکەی هەرێمی کوردستان ئامادە نەبووە وەڵامیان بداتەوە، لەوانەش داهاتی نەوتی هەرێمی کوردستان دەخرێتە چ بانکێکەوە، یاخود بۆچی رێگەنەدراوە بە شاندێکی چاودێریی دارایی عێراق بچێتە هەولێر و لێکۆڵینەوە لە داهاتەکانی هەرێمی کوردستان بکات.
rudaw -
