لە دووساڵدا بەرهەمهێنانى زەیتى زەیتوون بۆ دوو بەرامبەر زیادى کردووە

لە دووساڵدا بەرهەمهێنانى زەیتى زەیتوون بۆ دوو بەرامبەر زیادى کردووە
بەرپرسێکى وەزارەتى کشتوکاڵى حكوومه‌تی هەرێمی كوردستان رای گەیاند، خاک و ئاووهەواى کوردستان لەبارە بۆ چاندنى دارى زەیتون، لە ماوەى دووساڵیشدا بەرهەمهێنانى زەیتى زەیتون بۆ دوو بەرامبەر زیادى کردووە و ئەمەش پێشوەچوونێکى زۆر باشە.

ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ 14/12/2020، حوسێن حەمە کەریم، بەڕێوەبەرى گشتیی باخدارى و دارستان و پاوان لە وەزارەتى کشتوکاڵ و سەرچاوە ئاوییەکانى حكوومه‌تی هەرێمى کوردستان راى گەیاند:" هەرێمى کوردستان خاوەنى خاک و ئاووهەوایەکى بە پیت و لە بارە بۆ چاندنى دارى زەیتوون و بەرهەمهێنانى، بەڵام بەهۆى ناشارەزایى و نەبوونى زانیارى لەبارەیەوە، تا چەند ساڵێک لەمەوبەر لەلایەن جووتیارانى کوردستانه‌وه‌ وەکوو پێویست گرنگى بە چاندنى ئەو بەروبوومە نەدراوە، کە زۆر بەسوودە و ئەگەر گرنگى پێبدرێت داهاتى باشى دەبێ".

راشیگەیاند" بەپێى ئەو ئامارەى لەبەردەستە، لە ماوەى 10 ساڵى رابردوودا زیاتر لە 4 ملیۆن دارى زەیتوون لە لایەن جووتیارانى کوردستانەوە چێندراون لە ناوچە جیاجیاکانەوە، ئێستا بەشێک لەو باخە زەیتونانە بەرهەمەکانیان پێگەیشتوون".

ئاماژەى بەئەوەش کرد" ساڵ لە دواى ساڵ خواستى هاووڵاتیان لەسەر چاندنى زەیتون لە زیادبووندایە و ئێستا چاندن و گرنگیدان ئەو بەرهەمە رێرەوى خۆى وەرگرتووە، بۆیە ژمارەیەکى زۆریش کارگەى دەرهێنانى زەیتى زەیتون دروست کراون و ساڵانە بەرهەمێکى باش رەوانەى بازاڕەکانى کوردستان دەکەن، بەجۆرێک لە ماوەى ساڵى رابردوودا رێژەى بەرهەمهێنانى زەیتوون بۆ دووبەرامبەر زیادى کردووە".












باسنیوز


Top