لێژنەیەکی پەرلەمان: %70ـی داهاتە دەروازە سنوورییەکانی عێراق دەدزرێت
لێژنەی ئابووری و وەبەرهێنان لە پەرلەمانی عێراق رایدەگەیەنێت، کە %70ـی داهاتە دەروازە سنوورییەکانی عێراق دەدزرێت.
ئەمڕۆ دووشەممە 14-12-2020، ریاز تەمیمی، ئەندامی لێژنەکە بە رۆژنامەی (سەباح)ی فەرمیی عێراقی راگەیاندووە، لێژنەی ئابووری و وەبەرهێنان لە پەرلەمان چۆنێتیی چارەسەرکردنی قەیرانی دارایی و زیادکردنی داهاتی حکومەتی دیاری کردووە.
ریاز تەمیمی هەروەها رایگەیاندووە، چەند رێگایەک هەیە بۆ چارەسەرکردنی قەیرانی دارایی، وەک زیادکردنی وەبەرهێنان، دەروازە سنوورییەکان، فرۆشتنی دراوە قورسەکان بە زیادکردن، رێکخستنەوەی باج و گومرگ.
ئەو ئەندامەی لێژنەی ئابووریی پەرلەمانی عێراق پێیوایە حکوومەتی عێراق لەم کاتەدا توانای کۆکردنەوەی باج و گومرگی نییە.
ریاز تەمیمی جەختی لەوە کردووەتەوە، کە حکوومەتی عێراق دەسەڵاتی بەسەر دەروازە سنوورییەکانی وڵاتەکەیدا نییە و %70ـی داهاتی ئەو دەروازە سنوورییانە، لەڕێی ”پسوولەی ساختە“ـەوە دەدزرێت.
