حەشدی شەعبی لە کەرکووک فەوجێک بۆ کورد دەکاتەوە

حەشدی شەعبی لە کەرکووک فەوجێک بۆ کورد دەکاتەوە
ئەمڕۆ لە شاری كەركووك حەشدی شەعبی پێكهێنانی فەوجێكی كوردی راگەیاند، بەرپرسێکی پارتییش لە خانەقین ئاماژە بەوە دەدات ئەو هەوڵە دەمێکە لە سنوورەکانی ئەوان بەهاوکاریی پەکەکە دەدرێت، پێشیوایە دروستکردنی ئەو هێزە کوردیانە مەترسی لەسەر گەڕانەوەی پێگەی پێشمەرگە بۆ ناوچەکانی ماددەی 140 دروست دەكات.

ئەمرۆ شەممە، 12ی12ی2020، ئەدهەم جومعە، بەرپرسی حەشد شەعبی كوردی، لە کەرکووک فەوجێكی حەشدی كوردی لەناو حەشدی شەعبی لە باشووری خۆرئاوای كەركووك ڕاگەیاند کە ڕەزامەندیی دەزگای حەشدی شەعبیی بۆ وەرگیراوە.

گوتیشی: ”ئەو فەوجە لە 120 چەكداری كورد پێكهاتوون و هەمان ئەرك و پێكهاتە و ئیمتیازی حەشدی شەعبییان دەبێت و جەبار خالدانی دەكرێتە فەرماندەی ئەو فەوجە”.

لەمبارەیەوە، شێخ جەعفەر، بەرپرسی لقی خانەقینی پارتی دیموکراتی کوردستان، رای گەیاند، دەمێکە ئەو هەوڵە لە ناوچەکانی ماددەی 140 دەدرێت تاوەکو کورد بکەنە چەکداری حەشدی شەعبی، بەڵام ئەو هەوڵە تاوەکوو ئێستا لە خانەقین سەرکەوتوو نەبووە، گوتیشی: "هەر چەکدارەکانی حەشد بە شەوان هێرش دەکەنە سەر خەڵکەکە و سبەی پێیان دەڵێن ببن بە حەشد و خۆتان بپارێزن، بەڵام ئامانجەکە روونە بۆ چیە، ئەوەی بەعس دەیویست فەوجی جاشایەتی بکاتەوە ئەوانە ئێستا بە ڕێگە و شێوازی دیکە دەیکەنەوە".

ئاماژەی بەوەش دا، ئەو کارەی حەشد دەیکات بە چەکدارکردنی کورد مەترسی بۆ گەڕانەوەی پێشمەرگە بۆ ئەو ناوچانە دروست دەکات، گوتیشی: "پەکەکە و حەشد بەیەکەوە کار بۆ ئەوە دەکەن و هەر لەسەرەتاوە پەکەکە رۆڵی حەشدی شەعبیی لەو ناوچانە بینیوە، کە ئەوەش مەترسییەکەی زیاتر کردوە".











باسنیوز


Top