كەلار.. لەلایەن کۆمەڵێک چەكدارەوە دەستڕێژی گوللە لە بارەگایەكی پارتی كرا
لەمبارەوە سەباح محەمەد، كارگێڕی لقی گەرمیانی پارتی، ڕایگەیاند: "بەرەبەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە ١٠ی١٢ی ٢٠٢٠ ئۆتۆمبێلێك لەبەردەم بارەگای لیژنەی ناوچەی گوڵانی پارتی لە كەلار وەستاوە و كۆمەڵێك چەكداری تێدا بووە و تەقەیان لە بارەگاكە كردووە و چەند كەسێكیش كە بە ماتۆڕسكیل هاتبوون، پەلاماری بارەگاكەیان دا و ئەوەی كە كراوە بەرنامە بۆ داڕێژراو بووە و بە خەڵكی كارا و شارەزا كراوە و هەوڵیان دا بارەگاكەش بسووتێنن، بەڵام لەلایەن كادیرانی بارەگاكەوە ڕێگەیان پێ نەدراوە".
ڕاشی گەیاند: "لە كەلاریش هاوشێوەی شار و شارۆچەكانی دیكە خۆپیشاندان ناوە ناوە هەیە، بەڵام خۆپیشاندانەكەی ئەمجارە خۆڕسك و ئاسایی و یاسایی نییە، بابەتێكی بەرنامە بۆداڕێژراوە و بە شێوەی پلانێكی تۆكمەوە خەڵك دەهێنرێتە سەر جادە و پەلاماردانی بارەگای لایەنە سیاسییەكان و دامودەزگا حكوومییەكان دەدرێت و ئێستاش هەوڵ بۆ كۆنترۆڵی بارودۆخەكە هەیە".
باسنیوز
