چەندین بەڵگە دەیسەلمێنن کە پەکەکە و دەستی دەرەکی لە خۆنیشاندانەکانی دەڤەری سلێمانیدا هەیە
بەپێی ئەو بەڵگانەی لە بەردەستی (باسنیوز)دان کە لە ڕێگەی خۆنیشاندەرانەوە دەست كەوتووە، دەیسەلمێنێ کە دەستی چەکدارەکانی پەکەکە و لایەنی دەرەكییش لە خۆپیشاندانەكانی دەڤەری سلێمانی و گەرمیاندا هەیە، کە لە رۆژی دەستپێکردنەوە تۆمەتبارن بە سووتاندنی چەندین بارەگا و دامەزراوەی حکوومی و هێرشکردنە سەر خەڵکی و کوشتن و ڕفاندنیان.
لەمبارەوە، سیروان حەمەشەریف، چاودێری سیاسی لە سلێمانی، رای گەیاند، هۆکارەکانی ئەو دۆخەی لە سلێمانی دروست بووە زۆرن و هەر بۆشاییەک لە هەرێمی کوردستان هەبێت، دەستی دەرەکی و نەیارانی تێدەكەوێت. گوتیشی: ”نەیارەکانی هەرێمی کوردستان زۆرن و قسەکردنی هەندێ پەرلەمانتار و سیاسی کە هەرێمی کوردستان داهاتی زۆر زیاترە لە مووچەی فەرمانبەران، کاریگەریی هەبووە لەسەر جووڵاندنی شەقام و دواتر شەقام بە ئاراستەی خراپ و دەستی نەیارانی تێكەوتووە“.
ئاماژەی بەوەش دا، پەکەکە لە یەکەم کابینەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بووەتە بەڵا بەسەر هەرێمی کوردستانەوە و خۆی وەکوو نەیارێک لە دژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان نیشان داوە، گوتیشی: ”مافی هەرێمی کوردستان بووە لە رووی یاسای نێودەوڵەتییەوە کۆتایی بە کێشەی پەکەکە لەسەر خاکەکەی بهێنێت، چونکە ناکرێ هێزێک لەسەر خاکی وڵاتێکی دیکە هەبێت بۆ لێدان لە بەرژەوەندییەکانی وڵاتانی دراوسێ“.
پێشتریش عەتا سەراوی، ئەندامی سەرکردایەتیی یەکێتیی نیشتمانیی كوردستان، دانی بەوەدا نا کە پەکەکە و دەزگایەكی هەواڵگریی ئیقلیمی دەستیان لە ئاژاوەگێڕییەكەی سنووری سلێمانیدا هەیە و بە ڕاشكاوانە گوتی: ”ئەوانە دزن، خۆپیشاندەر نین“.
باسنیوز
