گوتەبێژی پارتی: خەڵکێک هەیە لە دەرەوە دەیەوێت دەست بخاتە نێو دۆخی کوردستان
مەحموود محەممەد، گوتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان باسی دۆخی هەرێمی کوردستان، رای پارتی دیموکراتی کوردستان لەبارەی خۆپێشاندانەکان و کۆبوونەوەی سێقۆڵیی لایەنەکانی پێکهێنەری حکومەتی کرد کە بڕیارە سبەی سێشەممە کۆببنەوە.
مەحموود محەممەد گوتی، بەلای پارتییەوە بابەتی خۆپێشاندان و داواکردنی ماف رەوایە و خەڵک دەتوانێت بەپێی یاسا داوای مافەکانی بکات و "تەنانەت داوای هەندێک بابەت بکات کە لە چوارچێوەی گۆڕانکاریدا دەخوێندرێنەوە".
لەبارەی رۆڵی میدیاکان لە رووماڵکردنی خۆپێشاندانەکان، گوتەبێژی پارتی رایگەیاند، "میدیا وەک شمشێرێکی دووسەرە، ئەگەر باش بەکاری نەهێنی، خراپ دەتبڕێت". بە گوتەی ئەو بەشێک لە میدیاکان "بەبەرپرسیارێتییەوە" مامەڵەیان لەگەڵ رووداوەکاندا کردووە، بەشێکیشیان کە ئامانجدارن، "لەوانەیە بە لاڕێیدا ببەن".
مەحموود محەممەد دەڵێت، بەتێکدانی ئارامیی کۆمەڵگەی کوردستان، "باوەڕناکەم دەستکەوت بۆ کەس دروست ببێت.. بۆیە دەبێت هەم حیزبەکان و هەم میدیا بەشێوەیەک مامەڵە بکەن کە لێکتێگەیشتن لەنێو خۆیاندا دروست بکەن".
گوتەبێژی پارتی پێی وایە، دەبێت وا لە بابەتەکە بڕوانرێت کە ئەو بابەتانە بەشێکی لە دەسەڵاتی دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستانە و بەشێکی لە دەرەوەی دەسەڵاتی هەرێمی کوردستانە. "ئەوەی لە دەرەوەی دەسەڵاتی هەرێمی کوردستانیشە گفتوگۆی زۆری بۆ کراوە و هەوڵی زۆری بۆدراوە.. ئۆفەری جیا جیاش پێشکەشکراوە بۆ چارەسەر".
مەحموود محەممەد بە رەنج سەنگاوی، پێشکەشکاری بەرنامەکەی گوت، "ئەمە زانیارییە.. خەڵکێک هەیە لە دەرەوەی هەرێمی کوردستان کە دەیەوێت ئەم دۆخە بقۆزێتەوە، دەستبخاتە ناوی و بەشێوازێک لە شێوازەکان کۆی قەوارەی هەرێمی کوردستان لاواز بکات".
پرسی، بەڕاستی زانیارییە یان قسەیەکی سیاسییە؟ گوتەبێژی پارتی دووپاتی کردەوە "بەڕاستی زانیارییە". ئەو گوتەبێژە روونی کردەوە، "هەمووی زۆر بە ئاشکرا دیارە، دێن مووچە دەبڕن، دواتر دەیخەنە نێو قاڵبێکی ئیدارییە و یەک لە دوای یەک پێشنیازەکان بۆ رێککەوتن رەتدەکەنەوە".
گوتەبێژی پارتی پێی وایە دەبێت حیزبە سیاسییەکان خوێندنەوەیەکی "واقعییان" لەڕووی سیاسی و ئابوورییەوە بۆ دۆخەکە هەبێت "چونکە دۆخێکی هەستیارە".
ئەو پرسیارەی لە گوتەبێژی پارتی کرد کە "خەڵکێکی زۆر پێیان وایە، بەبێ بەغداش یەکێتی و پارتی دەتوانن ئەگەر کاتیش بێت کێشەی مووچە چارەسەر بکەن، وەڵامتان چییە؟ گوتەبێژەکەی پارتی گوتی "من باسی خۆمان دەکەم، ئەگەر توانای ئەوەمان هەبێت هاوکاریی حکومەت بکەین، بە دڵنیایی درێخی ناکەین. کادیرانی حیزبیش وەک مووچەخۆرانی حکومەت لە تەنگدەستیدا دەژین".
rudaw -
