خەنجەر دەستبەرداری هەوڵەکان بۆ لەکار لادانی حەلبوسی دەبێت
دوای دروستکردنی هاوپەیمانییەکی نوێی سوننەکان بە سەرۆکایەتیی ئوسامە نوجەیفی، خەمیس خەنجەر، ئەمینداری گشتیی پرۆژەی عەرەبی چووە ناو ئەو هاوپەیمانییە.
ئەمڕۆ دووشەممە 7-12-2020، خەمیس خەنجەر و محەمەد حەلبوسی بۆ گفتوگۆکردن لەبارەی هەڵبژاردنی داهاتوو، کە بڕیارە لە 6-6-2021 بەڕێوە بچێت، کۆ بوونەوە.
میدیا عێراقییەکان ئەو دیدارەی حەلبوسی و خەنجەر بە سەرەتای چوونە دەرەوەی خەنجەر لە هاوپەیمانییەکەی نوجەیفی هەژمار دەکەن، کە ئامانجی سەرەکیی هاوپەیمانییەکە لەکار لادانی محەمەد حەلبوسییە لە سەرۆکایەتیی پەرلەمان.
نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاندووە، حەلبوسی بۆ دڵنیابوون لە رەوشی تەندروستیی ئەمینداری گشتیی پرۆژەی عەرەبی، چاوی بە خەمیس خەنجەر کەوتووە، چونکە ماوەیەک بوو لە دەرەوەی وڵات چارەسەری پزیشکی وەردەگرت.
بەپێی عورفێکی سیاسی، کە لایەنە عێراقییەکان لە دوای رووخاندنی رژێمی بەعس لە ساڵی 2003 لەسەری رێککەوتوون، سەرۆکایەتیی کۆمار بۆ پێکهاتەی کورد، سەرۆکایەتیی پەرلەمان بۆ سوننە و سەرۆکایەتیی حکوومەتیش بۆ شیعە دەبێت.
باسنيوز
