سەركردەیەكی پارتی بۆ ئاراس جەنگی: خەریكی قاچاخچێتی و سیخوڕییەكەت بە كارت بە سیاسەتەوە نەبێ

سەركردەیەكی پارتی بۆ ئاراس جەنگی: خەریكی قاچاخچێتی و سیخوڕییەكەت بە كارت بە سیاسەتەوە نەبێ
ئەندامێكی سەركردایەتیی پارتی دیموكراتی كوردستان وەڵامی ئاراس جەنگی، یەكێك لە سەرانی تاقمی خۆفرۆشی ١٦ی ئۆكتۆبەر دەداتەوە و داوای لێدەكات كاری بە سیاسەتەوە نەبێت و خەریكی ”قاچاخچێتی و سیخوڕی“ی خۆی بێت.
لە بەرامبەر ئەو قسانەی ئاراس جەنگی لەم دواییانە لە میدیا چەواشەكارەكانی تاقمی خۆفرۆشی ١٦ی ئۆكتۆبەر كردوونی، بڵند ئیسماعیل، ئەندامی سەركردایەتیی پارتی رایگەیاند: ”زۆر سەیرە، لایەنێكی سیاسی جومگەی گرنگی حكوومەتی بەدەستەوە بێت و زیاتر لە ساڵێكە سەرۆكی شاندی هەرێمی كوردستانە بۆ بەغدا، كەچی ئەندامێكی سەركردایەتییان بڵێت هیچیان بەدەستەوە نییە“.
ڕوونیشی كردەوە، ”ئەو لێدوانە ئەگەر ڕای تەواوی یەكێتی بێت كە ڕای تەواوی یەكێتیش نییە، ئەوە شەرمە بەم بێدەسەڵاتییەوە لە حكوومەتدان، ئەگەریش ڕای كەسییە، پێویستە یەكێتی خۆی ئەو دەنگە نەشازانە بێدەنگ بكات و چیتر بۆچوونی ئازاد و دیموكراسیەتی نێو یەكێتیمان پێ نەفرۆشنەوە كە لە سڕكردنەكەی مەلا بەختیاردا، دیموكراسیەتە عەیار بیست و چوارەكەیان دەركەوت“.
بە بڕوای بڵند ئیسماعیل، ئەوەی بەشێك لە سەركردایەتیی یەكێتی دەیكەن و ئەو زمانەی قسەی پێ دەكەن، ”مەهزەلەیە و دوورە لە ئەتەكێت و كاری سیاسی، جەماوەری كوردستانیش چیتر گوێ بەم چەواشەكارییانە نادات“.
جەختیشی كردەوە: ”ئەگەر ئەوەی ئاراس جەنگی دەیڵێت كە نە لە هەرێمی كوردستان هیچیان بەدەستە و نە بەغدا هیچ حیسابێكیان بۆ ناكات و تەنیا حیساب بۆ سەرۆك بارزانی دەكرێت و كلیلی هەموو چارەسەرێك بەلای سەرۆك بارزانی و پارتیدا تێپەڕ دەبێت وەك ئەوەی ئاراس جەنگی دەیڵێت، ئەوا با ئیفلاسی خۆیان ڕابگەیەنن و واز لەو فشەفش و خۆهەڵكێشانە بێنن“.
لە كۆتایی لێدوانەكەشدا ئەوەی وەبیر هێنایەوە كە ئاراس جەنگی ”كەوا سووری بەر میلیشیاكانی حەشدی شەعبی و ١٦ی ئۆكتۆبەرە، زۆر لەوە بچووكترە بە خەونیش ناوی سیمبولە نیشتمانییەكان بێنێت“. گوتیشی: ”با ئاراس جەنگی خەریكی كاری قاچاخچێتی و سیخوڕیی خۆی بێت و هیچ كاری بە سیاسەت نەبێت“.












باسنیوز


Top