وەزارەتى کشتوکاڵ: ئەو کۆمپانیایانەى پێویستییە کشتوکاڵییەکان هاوردە دەکەن لە دانی باج دەبەخشرێن
حوسێن حەمەکەریم، گوتەبێژى وەزارەتى کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوى حکوومەتى هەرێمى کوردستان لەمبارەوە راى گەیاند: "بە ئامانجى پاڵپشتیکردن و هاندانى جووتیاران و بەرەوپێشبردنى کەرتى کشتوکاڵى هەرێمى کوردستان، ئەنجوومەنى وەزیرانی هەرێمی کوردستان لەسەر پڕۆژە پێشنیازێکى وەزارەتى کشتوکاڵ، بۆ بەخشینى ئەو کۆمپانیایانەى کە پێویستییە کشتوکاڵییەکان لە وڵاتانى دەرەوە هاوردەى هەرێمی کوردستان دەکەن، ڕەزامەندیى نیشان داوە".
راشی گەیاند: "پێداویستییە کشتوکاڵییەکان ڕۆڵێکى گرنگیان لە بەرەوپێشبردنى کەرتى کشتوکاڵ و هاندانى جووتیاراندا هەیە، هەرچەندە بەهۆى کاریگەرییەکانى قەیرانى داراییەوە وەزارەتى کشتوکاڵ نەیتوانیوە وەکوو پێویست بنەتۆو و پەیین بۆ جووتیاران دابین بکات، بەڵام لەرێگەى ئەم پڕۆژەیەوە پارەیەکى باش بۆ جووتیاران دەگەڕێتەوە".
گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵ ئەوەشى خستە ڕوو: "بنەتۆ و پەیین و ئامێرەکانى بەرهەمهێنانى کشتوکاڵى، کە خۆی لە چەندین مادەدا دەبینێتەوە، لەمەودوا ئەو کۆمپانیا و کەسانەی هاوردەیان بکەن، لەدانى باج دەبەخشرێن و بەمەش جووتیاران دەتوانن راستەوخۆ کەلوپەلى کشتوکاڵى هاوردە بکەن، یان لەڕێگەى کۆمپانیاى تایبەتەوە هاوردەى هەرێمى کوردستانی بکەن".
باسنیوز
