قادر قاچاخ: پەکەکە شنگالی چۆڵ نەکردووە و جلوبەرگی پۆلیسی فیدڕاڵی لەبەر چەكدارانی كردووە
قادر قاچاخ، بەرپرسی لقی شنگالی پارتی دیموکراتی کوردستان رایگەیاند، پەکەکە نیازی نییە لە شنگال بچێتە دەرەوە، بەڵکوو تەنیا دەیانەوێ فێڵ لە نەتەوە یەکگرتووەکان بکەن. گوتیشی: ”پەكەكە تاوەکوو ئێستا گەورەترین بارەگای پۆلیس لە سەنتەری شنگال رادەست بە هێزە فیدڕاڵییەکانی عێراق نەکردووە، ئەو چەکدارانەی کە خەڵکی شنگالن لەو بارەگایە و لە ماڵەکاندا بەخۆیان و چەکەکانیان ماون و گرووپەکانی دیکەی پەکەکەش چوونەتە ناو ئەو تونێڵانەی لە شاخی شنگال لێیان داوە“.
ئاماژەشی بەوەكرد، پرۆسەی جێبەجێکردنی خاڵەکانی رێكکەوتنەکە پێویستی بە چاودێریی هەردوو نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان و نەتەوە یەکگرتووەکان هەیە، چونکە بەپێی زانیارییەکان، بەشێک لە چەکدارەکانی پەکەکە جلوبەرگی هێزە عێراقییەکانیان لەبەر کردووە و دەیانەوێ فێڵ لە نەتەوە یەکگرتووەکان بکەن. گوتیشی: ”بەپێی ڕیككەوتن دەبێ پەكەكە پێنج کیلۆمەتر لە شنگال بچنە دەرەوە نەک لە سەنتەری قەزاکە، چونکە دوورییان پێنج کیلۆمەتر لە سەنتەری قەزاکە مەترسییە لەسەر خەڵکی شنگال و نابێتە هۆی گەڕانەوەی ئاوارەکان“.
باسنیوز
