کۆمەڵەی قوربانیانی کیمیابارانی هەڵەبجە یاداشتێک ئاراستەی پەرلەمانی کوردستان دەکەن
کۆمەڵەی قوربانیانی کیمیابارانی هەڵەبجە یاداشتێک ئاراستەی پەرلەمانی کوردستان کردووە و سەرۆکی کۆمەڵەکەش ڕای گەیاند داوامان کردووە کەیسی هەڵەبجە لە ئاستی نێودەوڵەتیدا بە جینۆساید بناسرێت.
ئەمڕۆ سێشەممە ١ی١٢ی٢٠٢٠ لوقمان عەبدولقادر، سەرۆکی کۆمەڵەی قوربانیانی کیمیابارانی هەڵەبجە، بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: "سەبارەت بە کەیسی قوربانیانی کیمیابارانی هەڵەبجە، یاداشتێکمان ئاراستەی پەرلەمانی کوردستان کردووە و داوامان کردووە پەرلەمانی کوردستان پڕۆژەیاسایەکی تایبەت بە قوربانیانی کیمیابارانی هەڵەبجە دەربکات، چونکە تاکوو ئێستا لە هەرێمی کوردستان یاسایەکی تایبەت بە کەیسی قوربانیانی هەڵەبجە نییە".
لوقمان عەبدولقادر گوتیشی: "قوربانیانی چەکی کیمایی لە هەرێمی کوردستان لە بارودۆخێکی خراپدا دەژین و زۆربەیان پێویستیان بە چارەسەری پزیشکی و دەرمانی تایبەت هەیە، چونکە زۆربەیان ڕێژەی بەرکەوتەکەیان زۆرە، هەرچەندە لە ڕابردوودا لەڕێگەی سەرۆکایەتیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و ئەنجوومەنی وەزیرانەوە زۆرێک لە پێداویستییەکانیان بۆ دابین کراوە، بەڵام بەداخەوە حکوومەتی عێراق ئاوڕی لە قوربانیانی چەکی کیمایی نەداوەتەوە".
سەرۆکی کۆمەڵەی قوربانیانی کیمیابارانی هەڵەبجە راشی گەیاند: "لە یاداشتکەدا داوامان لە حکوومەتی عێراقیش کردووە قەرەبووی هەڵەبجەییەکان و بەرکەوتوانی چەکی کیمیایی بکاتەوە و بەدەم کەیسی قوربانیانەوە بێت و کەیسی هەڵەبجە لە ئاستی نێودەوڵەتیدا بە جینۆساید بناسێنرێت، لە ڕابردووشدا چەندین جار ئەو داوایەمان ئاراستەی عێراق کردووە، بەڵام هیچ وڵامێکمان نەدراوەتەوە".
لوقمان عەبدولقادر باسی لەوەش کرد: " وا بڕیار بوو لەسەر ئەرکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان قوربانیانی چەکی کیمیایی هەڵەبجە بە مەبەستی چارەسەرکردنیان بنێردرێنە دەرەوەی وڵات، بەڵام بەهۆی بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆناوە ڕاگیراوە و تا ئێستا نەتواندراوە کاریان بۆ بکرێت".
باسنیوز
