لە سلێمانی خاوەنی پرۆژەیەکی نیشتەجێبوون دەستگیردەکرێت
سەرچاوەیەک لە پۆلیسی سلێمانییەوە کە نەیویست ناوی ئاشکرابکرێت راگەیاند: "شێخ عەلی، خاوەنی پرۆژەی ئەوین سیتی بەیانیی ئەمڕۆ دووشەممە 2020/11/30 دەستگیرکراوە."
محەممەد ئەحمەد یەکێک لەو کەسانەی کە سکاڵای تۆمارکردووە و دانیشتووی پرۆژەی ئەوین سیتییە دەڵێت: "ناوەڕاستی مانگی رابردوودا لەلای داواکاری گشتیی سلێمانی لەگەڵ ژمارەیەک لە دانیشتووانی دیکەی پرۆژەی ئەوین سیتی سکاڵای یاساییمان لەسەر شێخ عەلی ئەمین، خاوەنی پرۆژەکە تۆمارکرد بەهۆی ئەوەی زیاتر لە پێنج ساڵە پرۆژەکەمان تەواو بووە و هیچ خزمەتگوزارییەکی تێدا نییە."
محەممەد ئەحمەد ئاماژەی بەوەش کرد: "لەسەر سکاڵاکەی ئێمە کە شەشەمین سکاڵامان بووە، ئەمڕۆ دووشەممە 2020/11/30 بنکەی پۆلیسی کەرتی چوارچرا، شێخ عەلییان دەستگیرکردووە و ئێستاش تاوەکو رۆژی 2ی 12 لەسەر فەرمانی دادوەری دادگای سلێمانی دەستبەسەرە."
پەیوەندیی بە پارێزەرەکانی شێخ عەلی، خاوەنی پرۆژەی ئەوین سیتییەوە کرد، بەڵام وەڵامیان نەدایەوە و، هاوکات ئەو کەسانەیشی لەلای خاوەنی ئەو پرۆژەیە کارمەندن رەتیدەکەنەوە کە شێخ عەلی دەستگیرکرابێت.
پێشتر رۆژی 29ی ئەیلولی 2020، لە رێگەی بەرنامەی بەرپرسیارەوە بەدواداچوونی بۆ کێشە و کەموکوڕییەکانی ئەو پرۆژەیە هەر ئەو کات عەزیز رەئووف، سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان راگەیاند کە ئەوانیش هەرزوو خاوەنی پرۆژەی ئەوین سیتییان لە کەموکووڕییەکانی پرۆژەکە ئاگادارکرووەتەوە و داوایان لێکردووە کە بە زووترین کات ئەو کەموکووڕییانە چارەسەربکات.
rudaw -
