ھەرێمی کوردستان و عێراق بۆ پاککردنەوەی ناوچە مینڕێژکراوەکان ھەماھەنگی دەکەن
بابەکر فەقێ، بەڕێوەبەری ڕاگەیاندن و ڕۆشنبیریی وەزارەتی پێشمەرگەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: "تیمێکی ئەندازیاری لە وەزارەتی پێشمەرگە بۆ پاککردنەوەی ھەموو ئەو مین و تەقەمەنییانە پێکھێندراوە کە لەبەرەکانی جەنگ و سەنگەرەکانی پێشمەرگە بەدی دەکرێت و تا ئێستا کاری باشیان کردووە و توانیویانە مەترسییەکانی مین و تەقەمەنی لەو ناوچانە کەم بکەنەوە".
لەلایەکی دیکەوە دەزگای گشتیی کاروباری مین لە ھەرێمی کوردستان لە پێگەی فەرمیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (فەیسبووک) ئاماژەی بۆ ئەوە کردووە لەگەڵ وەزارەتی پێشمەرگە گفتوگۆیان لەسەر ھەماھەنگی و ھاوکاریی نێوانیان لەسەر لەناوبردن و پاککردنەوەی خاکی ھەرێمی کوردستان لە مـین و تەقەمەنی و پاشمـاوەکـانی جەنگ کردووە و داواشیان کردووە لەو خول و ڕاھێنانەی کە ھاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بۆ ھێزەکانی پێشمەرگەی دەکەنەوە، کارمەندانی ھەڵگرتنەوەی مینیش بەشدار بن بۆ ئەوەی زیاتر لە چۆنیەتیی پاککردنەوە و لەناوبردنی مین و تەقەمەنی شارەزایی پەیدا بکەن.
دەزگای کاروباری مین لە ھەرێمی کوردستان باسی لەوەش کردووە بەدەر لەوەش لەگەڵ وەزارەتی تەندروستی و ژینگەی عێراق و فەرمانگەی کاروباری مینی عێراق ڕێک کەوتوون لەسەر چارەسەرکردنی گرفتەکانی نێوان ھەردوولا و دانانی میکانیزمی کارکردنی هاوبەش بۆ پاککردنەوەی ناوچەکانی شەڕ کە بە مین و تەقەمەنی چێندراون و دەکەونە ناوچەکانی نێوانیان.
باسنیوز
