سەڵاحەدین دەمیرتاش: هەدەپە بە هیچ جۆرێک ڕێککەوتنی ژێربەژێری لەگەڵ ئاکەپە نەکردووە"
سەڵاحەدین دەمیرتاش هاوسەرۆكی پێشووی هەدەپە كە چوار ساڵە لە ئێدیرنە زیندانی كراوە، هەموو ئەو دەنگۆیانە ڕەت دەكاتەوە كە گوایە هەدەپە لە هەڵبژاردنی پێشوەختەی ١ی١١ی٢٠١٥ رێككەوتنی ژێربەژێری لەگەڵ ئاكەپەدا كردبێت تا ببنەوە زۆرینەی پەرلەمان.
لە لایەن رۆژنامەنووس و نووسەر و چالاكوانانەوە ٤٥ پرسیار ئاراستەی دەمیرتاش كراوە، ئەویش وەڵامی هەموو پرسیارەكانی داوەتەوە و لە میدیاكانی توركیا بڵاو كراوەتەوە و لە وەڵامی ئەو پرسیارەی ئایا راستە، دوای ئەوەی لە هەڵبژاردنی ١٥ی حوزەیرانی ٢٠١٥ كاتێك ئاكەپە زۆرینەی لەدەست دا و پاشان توركیا لە ١ی١١ی٢٠١٥ چووە ناو هەڵبژاردنی پێشوەختەوە، هەدەپە و كورد بە نهێنی پاڵپشتییان لە ئاكەپە كردووە تا ببێتەوە زۆرینەی پەرلەمان؟ دەمیرتاش دەڵێت: "بە ناوی هەموو بزووتنەوەیەكی كورد قسە ناكەم، چونكە رێكخراوی كۆمەڵگەی مەدەنی هەیە، میدیا هەیە و پلاتفۆرمی جۆراوجۆر هەیە و باڵی گەنجان و ئافرەتان هەیە، بەڵام لە نێوان هەڵبژاردنی ١٥ی حوزەیران و ١ی ١١ی٢٠١٥، تانكەكانی حكوومەت هاتنە ناو شارە كوردییەكان و هەزاران مرۆڤیان كوشت و دەیان باڵاخانە لەگەڵ زەوی بوونە یەك و ٥٠٠ هەزار كەسیش بە ناچاری ئاوارە كران، تەنانەت پەلاماری بنكەی هەڵبژاردنی هەدەپەشیان دا و رووخاندیان. بە ئاشكرا لەنگەریان بۆ تیمی هەڵبژاردنی هەدەپە دروست دەكرد و میدیاش لەژێر فشارێكی زۆر گەورەدا بوو، بەڵام سەرەڕای هەموو ئەمانە، هەدەپە توانی وەكوو پارت بچێتە پەرلەمان".
دەمیرتاش لە درێژەی وەڵامی ئەو پرسیارەدا ئاماژەی بەوەش داوە هەدەپە بە هیچ ڤۆرێك بەشێك نەبووە لە رێككەوتنی ژێربەژێر لەگەڵ ئاكەپە تا لە هەڵبژاردنی ١ی١١ی٢٠١٥ تا ببنەوە زۆرینەی پەرلەمان و بەتەنیا حكوومەت پێك بهێنن".
لە ١٥ی٦ی٢٠١٥ توركیا چووە ناو هەڵبژاردنی پەرلەمانی، بۆ یەكەمجاریش بوو دوای ٢٠٠٢ ئاكەپە زۆرینەی پەرلەمانی لەدەست دا و ناچار كرا حكوومەتێكی هاوپەیمانی كاتی پێك بهێنیت بۆ ماوەی ٣ مانگ، كە هەدەپەش سێ وەزارەتی وەرگرت، بەڵام لە ١ی١١ی٢٠١٥ توركیا چووە ناو هەڵبژاردنی پێشوەختەوە و ئاكەپە توانی لە كۆی٥٥٠ كورسی پەرلەمانی ٣١٧ كورسی بەدەست بهێنێت و بەتەنیا حكوومەتی پێك هێنا.
باسنیوز
