دەستەی پشتیوانکارانی شیوعییەکانی عێراق ئیدانەی هێرشکرنە سەر خۆپێشاندەرانی ناسریە دەکات
لە راگەیێندراوێکدا لیژنەی راپەڕاندنی دەستەی پشتیوانکارانی شیوعییەکانی عێراق بڵاویکردەوە، رۆژی هەینیی رابردوو 27ی تشرینی دووەمی 2020 "گرووپێکی چەتەی چەکداری ناسراو" بە چەک و چەقۆ هێرشیان کردەوە سەر خێمەی "راپەڕیوانی" گۆڕەپانی حەبووبی لە ناوەڕاستی شاری ناسریە، بەهۆیەوە پێنج کەس کوژران و دەیان کەسیش بریندار بوون.
وەکو لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، ئیدانەی ئەو "تاوانە قێزەونە" دەکەن دەرهەق بە گەنجان کراوە، کە دەستوور مافەکانی دەستەبەرکردووە، هەروەها بە پێویستیشی دەزانن کە چەک لە دەست دەوڵەت بێت و رێز لە مافەکانی مرۆڤ بگیرێت.
هاوکات رایدەگەیێنن، هاوسۆزیی رەهایان هەیە لەگەڵ مافی "گەلی راپەڕیو"، ئەو کارە قێزەونە نێوەڕۆکی ئەنجامدەرانی ئەو کارە دەردەخات کە هەوڵدەدەن راپەڕینی جەماوەری بۆ خزمەتی گەورەکانیان بەکاربهێنن.
بەهۆی پێکدادانی نێوان گرووپێکی چەکداری، کە دەگوترێت سەر بە رەوتی سەدر بوون، لەگەڵ خۆپێشاندەرانی ناسریەوە، رۆژی هەینی 27ی تشرینی دووەم پێنج کەس کوژران و زیاتر لە 50 کەسی دیکەش بریندار بوون، خۆپێشاندانەکە دژی نەبوونی خزمەتگوزاری و خراپیی گوزەرانی خەڵکی ناسریە بوو.
گرژیەکە کاتێک دروستبوو کە هەزاران کەس لە لایەنگرانی موقتەدا سەدر رژانە سەر شەقامەکانی بەغدا و شاری ناسریەی ناوەندی پارێزگای زیقار. ئەوەش لەکاتێکدایە، عێراق لە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پێشوەختە نزیک دەبێتەوە.
چالاکڤانان رایانگەیاند، لایەنگرانی نزیک لە موقتەدا سەدر لە گۆڕەپانی حەبووبیی ناسریە هێرشیان کردووەتە سەر چادرەکانی خۆپێشاندەران و گرژی دروستبووە، بەشێکی بەرچاو لە چادرەکانیش ئاگریان تێبەردرا و سووتێندران.
ناسریە یەکێکە لەو شارانەی لە ئۆکتۆبەری ساڵی 2019وە چەندین جار خۆپێشاندانی تێدا بەڕێوەچووە، بەڵام زۆرجاریش گرژی دروستبووە و خەڵکێکی زۆر کوژراون.
rudaw -
