بەڕێوەبەری خوێندنی كوردی لە كەركووك: ڕێگە بە بایكۆتی هۆڵەكانی خوێندن نادەین

بەڕێوەبەری خوێندنی كوردی لە كەركووك: ڕێگە بە بایكۆتی هۆڵەكانی خوێندن نادەین
لە كەركووك ئەمڕۆ یەكشەممە 29/11/2020، پرۆسەی خوێندنی ئەمساڵ دەستی پێ كرد و بەشێكی کەم لە مامۆستایانی خوێندنی كوردیش بایكۆتی هۆڵەكانی خوێندنیان كرد و بەڕێوەبەری خوێندنی كوردیش ڕای گەیاند ڕێگە بە بایکۆتی هۆڵەکانی خوێندنی کوردی نادەین، چونکە دۆخی کەرکووک هەستیارە و بایکۆت هەڵناگرێت.

لەمبارەوە شێرزاد ڕەشید، بەڕێوەبەری خوێندنی كوردی لە كەركووك، ڕایگەیاند: "بڕیار بوو ئەمڕۆ یەكشەممە لە قوتابخانەی (ئاڵا)ی شاری كەركووك زەنگی دەستپێكی خوێندنی ئەمساڵ لێ بدەین، بەڵام ژمارەیەكی كەم لە مامۆستایان بایكۆتی دەوامیان كرد و رێگەشیان نەدا ئێمە لەو قوتابخانەیە زەنگی دەستپێكی ساڵی نوێ لێ بدەین، بەڵام پاشان لەوێ دەرچووین و چووین لە قوتابخانەی (بەر تەكییە) زەنگی ساڵی خوێندنمان لێ دا".

گوتیشی: "دۆخی كەركووك هەستیارە و بایكۆت هەڵناگرێت، كەركووك هاوشێوەی شارەكانی هەرێم نییە، ئەگەر لە قوتابخانە كوردییەكان خوێندن بایكۆت بكرێت ئەوا بەڕێوەبەرایەتیی گشتی پەروەردە مامۆستاكان لە قوتابخانەكان دەكێشێتەوە و دەڵێن ئێمە قبوەڵ ناكەین مامۆستا لە ماڵەوە دابنیشێت، ئێمە تاقیكردنەوەكانیشمان لەگەڵ بەغدایە و چاوەڕێ ئەوە ناكەن ئێمە بایكۆت بكەین و خوێندنی عەرەبی دەوام بكەن".

روونیشی كردەوە: "دایكان و باوكانی قوتابییانیش ئەگەر ببیننن مامۆستاكانی ئێمە بایكۆتی خوێندن دەكەن، منداڵەكانیان لە خوێندنی كوردی دەردێنن و دەیانەخەنە بەر خوێندنی عەرەبی، بۆیە بایكۆت بە چارەسەر نازانرێ، زۆربەی هەرە زۆری قوتابخانەكان ئەمڕۆ دەوامیان کرد و ئەو بەشە مامۆستایەی كە بایكۆتیان كردووە زۆر كەمن و ئێمە رێز لە ئیرادەیان دەگرین، بەڵام كێشەی مووچە 120 هەزار مامۆستایە كە موچەكانیان دوا دەكەوێت و ناكرێ مامۆستا بایكۆت بكات و كەركووكیش دۆخەكەی هەستیارە بایكۆت هەڵناگرێت".















باسنیوز



Top