داوای کۆنتڕۆڵکردنی بەکارھێنانی ئامێری ئاشکراکردنی کامێراکانی چاودێریی لیخوڕینی ئۆتۆمبێل دەکرێت

داوای کۆنتڕۆڵکردنی بەکارھێنانی ئامێری ئاشکراکردنی کامێراکانی چاودێریی لیخوڕینی ئۆتۆمبێل دەکرێت
ئەندامێکی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی ڕای گەیاند، وێڕای بوونی بڕیاری وەزارەتی ناوخۆ بۆ قەدەغەی بەکارھێنانی ئامێری ئاشکراکردنی شوێنی کامێراکانی چاودێری خێرایی ئۆتۆمبێل، بەڵام تا ئێستا ئەو دیاردەیە بەردەوامە و کۆنتڕۆڵ نەکراوە.

بەرزان محەمەد، سەرۆکی لیژنەی ناوخۆ لە ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی ڕایگەیاند: "کامێراکانی چاودێریی خێرایی ئۆتۆمبێل لەلایەن حکوومەتی ھەرێمی کوردستانەوە بودجە بۆ کڕینیان تەرخان کراوە و لە شەقامەکان دانراون بۆ ئەوەی سەلامەتیی شوفێران و ھاووڵاتییان بپارێزن".

گوتیشی: "بەڵام ئەوەی مایەی نیگەرانییە ماوەیەکە ئامێری ئاشکراکردنی شوێنی ئەو کامێرایانە مامەڵەی کڕین و فرۆشتنیان پێوە دەکرێت و شوفێران بەکاری دەھێنن و ئەوەش لە گرنگی بوونی کامێراکانی کەم کردووەتەوە و ئەگەر کۆنتڕۆڵ نەکرێت، دووبارە ڕووداوەکانی ھاتوچۆ دەگەنەوە ئاستی مەترسیدار".

بەرزان محەمەد باسی لەوەش کرد: "ھەرچەندە وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بڕیاری قەدەغەکردنی مامەڵەکردن و بەکارھێنانی ئەو ئامێرەی داوە، بەڵام بەداخەوە لە سنووری پارێزگای سلێمانی وەک پێویست جێبەجێ نەکراوە و شوفێران بەردەوامن لە کڕینی و بەکارھێنانی، بۆ ئەو مەبەستە بەنیازین لەگەڵ ھاتوچۆی سلێمانی گفتوگۆ بکەین و بەیەکەوە بەرنامەی ھۆشیاری و بەکارنەھێنان و قەدەغەکردنی ئامێرەکە دابنێین".










باسنیوز


Top