پەیڕەوی دیاریکردنی ماف و ئیمتیازاتی کەسوکاری شەهیدان پەسەند کرا

پەیڕەوی دیاریکردنی ماف و ئیمتیازاتی کەسوکاری شەهیدان پەسەند کرا
ئەنجوومەنی وەزیران پەیڕەوی دیاریکردنی ماف و ئیمتیازاتی کەسوکاری شەهیدان و ئەنفالکراوانی بە کۆی دەنگ پەسەند کرد و بەپێی ئەو پەیڕەوە ئیتر کەسوکاری شەھیدان و ئەنفالکراوان بەشێوەیەکی شایستە مافەکانیان پارێزراو دەبێت.

بریکاری وەزارەتی شەھیدان و ئەنفالکراوەکانیش گوتی: دەستمان بە جێبەجێکردنی پەیڕەوەکە کردووە و بەڵگەنامەی ھەموو شەھیدان دەگەڕێنینەوە بۆ وەزاره‌تی كاروباری شەھیدان لە پێناو پاراستی ماف و ئیمتیازەکانیان بە شێوەیەکی شایستە.

سالار مەنتک، برای شەھیدی فەرماندە سەربەست مەنتک یەکێکە لەو ھەزاران کەس وکارەی شەھیدانەی کە لە ھەرێمی کوردستان له چاوەڕوانى ڕايیکردنی مامەڵەکانیانن و دەخوازن كۆتايى بەو گرفتانەيان بێت، كه لە فەرمانگەکان بۆيان درووست دەبێت.

سالار مەنتك گوتی: ئەوەى ئێمە چەند ساڵێکە چاوەڕوانین حکومەتی ھەرێمی کوردستان كۆتايى پێھێنا و باشترین بڕیاری دا.

وەزارەتی شەھیدان دەستی کردووە بە جێبەجێکردنی ئەو پەیڕەوە. جگە لە چارەسەر کردنی کێشە یاسايی و ئیدارییەکانی، شەھیدانى دەستى تیرۆر و ئەنفال و کیمیاباران و ئەو فەرمانبەرانەى، کە لە کاتی ئەرکدا تیرۆر دەكرێن جێگەی بۆ کراوەتەوە و وەک شەھیدی سەنگەر تۆمار دەکرێن. بە پێی دواین بڕوانامە و دوا مووچە و دەرماڵە کە لە کاتی خزمەت ھەیبووه بە کەسوکاری دەدرێت.

پەیڕەوەکە لە 6 مادە پێک ھاتووە و ئەوەی کە گرنگی پێدراوە کۆی بەڵگەنامە و شایشتە داراییەكانى شەھیدان و ئەنفالکراوان دەگوازرێتەوە سەر وەزارەتی شەھیدان و ھاوشان لەگەڵ یاسای چاکسازی ماف و ئیمتیازی سەرجەم ئەو شەھیدانەى کە شایستەن پارێزراو دەبێت.
k24 -
Top