یەبەشە رێگری لە چوونی پۆلیسی فیدراڵی بۆ سەر چیای شنگال دەکات

یەبەشە رێگری لە چوونی پۆلیسی فیدراڵی بۆ سەر چیای شنگال دەکات
دوای رێککەوتنی نێوان حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان لەبارەی شنگالەوە خاڵی یەکی رێککەوتنەکە جێگیربوونی شەش هەزار پۆلیسی فیدراڵی بوو لە رۆژئاوای شنگال لە سنووری نێوان عێراق و سووریا. بەشێک لە هێزە چەکدارەکانی شنگال دەڵێن کە شارەکە چۆڵ ناکەن.

حەسۆ ئیبراهیم، هاوسەرۆکی ئەنجوومەنی خۆسەریی شنگال راگەیاند: "ئێمە شوێنی خۆمان چۆڵ ناکەین. ئەوانیش خۆیان بێدەنگ کردووە و گوشاریان لە ئێمە نەکردووە."

حەوت هێزی چەکدار لە شنگال هەن. حکومەتی عێراق بڕیاری دابوو هەموو ئەو هێزانەی لەناو شنگال بوون بچنە دەرەوە و بە دووریی پێنج کیلۆمەتر لە شارەکەوە دوور بن.

حەیدەر شەشۆ، بەرپرسی هێزی پاراستنی ئێزیدخان دەڵێت: "هاتنی ئەوان لە بەرژەوەندیی خەڵکی شنگالدایە. ئەگەر بڕیاربێت رێککەوتنی شنگال جێبەجێ بکرێت، فایلی ئەمنی دەبێت لە دەستی پۆلیسدا بێت."

بەشێک لە خەڵکی شنگال دەڵێن کە ئەوە شەش ساڵە ئەوان دەبنە قوربانیی دەستی هێزەکانی ناوچەکە. هەنگاوی دووەم ئەوەیە کارگێڕییەکی نوێ دابنرێت و ئاڵای هەموو هێزەکانی ناوچەکە دابگیردرێن.
rudaw -
Top