لە بارەی گرێبەستی پڕۆژەكانەوە ئەنجوومەنی وەزیران بڕیارێك دەردەكات

لە بارەی گرێبەستی پڕۆژەكانەوە ئەنجوومەنی وەزیران بڕیارێك دەردەكات
ئەنجوومەنی وەزیرانی هه‌رێمی كوردستان، فه‌رمانێك بۆ شەفافیەتی گرێبەستەكان و لە پێناو بەرژەوەندی گشتیی دەردەكات و له‌مه‌ودوا واژۆی ئه‌و گرێبه‌ستانه‌ی له‌ یه‌ك ملیار دینار تێده‌په‌ڕن، له‌ ده‌زگاكانی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ڕاده‌گیرێن.

بە پێی نووسراوێكی سەرۆكایەتیی ئەنجوومەنی وەزیرانی هه‌رێمی كوردستان، كە لە 22ی 10ی 2020 دەرچووە ئاماژە بە دەركردنی فەرمانێك كراوە بۆ ئەو گرێبەستانەی لە دام و دەزگا حكوومییەكان دەكرێن.

لەسەر فەرمانی مه‌سرور بارزانی، سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان بڕیاردراوە بە " راگرتنی واژۆكردنی هەر گرێبەستێك لە لایەن دام و دەزگاكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، كە گوژمەی خەمڵێندراوی لە یەك ملیار دینار تێپەڕ بكات".

بە پێی فەرمانەكە ئەگەر گرێبەستێك لە ملیارێك دینار زیاتر بێت، دەبێت بەڵگەنامەكانی كەمگەری، بە شێوەی هارد و سۆفت بۆ سەرۆكایەتیی ئەنجوومەنی وەزیران بنێردرێت.

هەر به‌ پێی فه‌رمانه‌كه‌، كه‌ لە 1ی 12ی 2020 دەچێتە باری جێبەجێكردنەوە، هەموو زانیاریەكانی پڕۆژەكە و پێشنیازەكانیش بنێردرێت، "دوای دیراسەتكردنی ورد بە رەچاوكردنی بەرژەوەندیی گشتی، رەزامەندی دەدرێت بە وەزارەت و لایەنی پەیوەندیدار بە واژۆكردنی گرێبەستەكە".

ئەنجوومەنی وەزیران جەختی كردووه‌تەوە، مەبەست لەو فەرمانە ئەوەیە گرێبەستەكان لە بەرژه‌وەندیی گشتی بێت و لە چوارچێوەی یاسا و رێنماییەكان بێت.









باسنیوز



Top