”مستەفا كازمی بەدوای دەرچەیەكدا دەگەڕێت بۆ ناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان“
د. بەشیر حەداد، جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عێراق، پاش كۆبوونەوەكەی ئەمڕۆ پێنجشەممە ٢٥ی ١١ی ٢٠٢٠ی لەگەڵ مستەفا كازمی، سەرۆك وەزیرانی عێراق، بە میدیاكانی راگەیاند: ”چاوم بە مستەفا كازمی كەوت، باسی كۆمەڵێك پرسمان كرد كە یەكێكیان بابەتی مووچەی فەرمانبەرانی كوردستان بۆ مانگەكانی پێنج و شەش و حەوت و مانگی دە، باسی شایستەی دارایی جووتیارانیشمان كرد“.
ئەوەشی ئاشكرا كرد كە لە كۆبوونەوەكەدا ”مستەفا كازمی دانی بەوەدا نا كە ئەو بڕە پارەیەی بە هەرێمی كوردستان دەدەن لە بەشی خۆیان كەمترە و پێویستە زیاتری بكەن، بەڵام هەندێك كەس لەناو پەرلەمان و دەرەوە دەیانەوێ تەگەرە بخەنە بەردەم حكوومەت. ئێمەش پێمان گوتن كە ئەو ڕێككەوتنەی هەولێر و بەغدا پێویستی بە پشتگیری هەیە، پێویستە پەرلەمان پشتیوانی لەو ڕێككەوتنە بكات“.
جەختیشی كردەوە، ئەم كارەی پەرلەمانی عێراق لەم دواییە كردی، تەگەرە دانان بوو لەبەردەم حكوومەت لە كاتێكدا حكوومەت خۆی پلان بۆ ڕێكخستنی پەیوەندییەكانیان و كاروبارەكانیان دادەنێن.
لەبارەی ناردنی ٣٢٠ ملیار دینارەكەی فەرمانبەران، بەشیر حەداد گوتی: ”كازمی لە كۆبوونەوەكەدا گوتی، چەند ڕۆژێكە لە گفتوگۆداین لەگەڵ هەموو لایەنە عێراقییەكان، دەبێ ئەم كێشەیە كۆتایی بێ و ئەم ڕێككەوتنەی لەگەڵ هەرێمی كوردستان كردوومانە، جێبەجێ بكەین، پارەكەی ئەو مانگانەیان پێدەدەین، بەڵام بەدوای دەرچەیەكی یاساییدا دەگەڕێن، گوتیشی كە ئیتیفاقێكی سیاسی نزیكە بكرێت، تاوەكوو بودجەی هەرێمی كوردستان پێش یاساكە خەرج بكرێت و ئەوەی دەكەوێتە دوای یاساكەش، لەنێو پڕۆژەیاسای بودجەی ٢٠٢١ جێبكەینەوە“.
بەشیر حەداد گوتیشی: ”هیچ ماوەیەك بۆ ناردنی پارەكە دانەناوە، كازمی دەیەوێ كۆدەنگییەكی سیاسی لە عێراق دروست بكات تا بتوانێت پارەكە بنێرێت، بەڵێنیشی دا سەركەوتوو دەبێت لەم كارە، گوتی بە زووترین كات ئەمە دەكەین و نایەڵین هاووڵاتیان و فەرمانبەرانمان لە هەرێمی كوردستان بێ مووچە بمێننەوە. لە قسەكانیدا دیاربوو كە پارەكە دەنێرێت. گلەیی لە پەرلەمانی عێراق بوو كە دەبوایە ئەم تەگەرانە نەخەنە پێش. بە تەمای ئەوەیە لەم چەند ڕۆژە شتێك بكات كە لە ناردنی پارەكە كێشەی بۆ دروست نەكات، بەڵێنی چارەسەركردنی كێشەی شایستەكانی گەنمی جوتیاران و كێشەی هەناردەكردن و هاوردەكردنی زێڕیش دەبێت یەكلا بكرێنەوە“.
ئەوەشی نەشاردەوە كە ”هەندێك لایەنی پەرلەمان و دەرەوەی پەرلەمان دەیانەوێت بە دژایەتیكردنی هەرێمی كوردستان و كورد، ڕێكلامێكی سیاسی بۆ خۆیان بكەن“.
باسنيوز
