چالاكوانێكی سلێمانی: پەرلەمانتارە كوردە نەیارەكانی كوردستان دژی چارەسەرکردنی كێشەی مووچەخۆرانی ھەرێمن
ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه 26/11/2020، ناسیح عەبدولڕەحیم، ڕۆژنامەنووس و چالاكوان لە سلێمانی ڕایگەیاند، هیچ کەس هێندەی ئەو چەند پارلەمانتارە كوردەی لە بەغداوە دژایەتیی هەرێمی كوردستانەوە دەكەن، موزایده بە مووچەی فەرمانبەرانەوە ناکات، هەموو ئەو موزایەدانەش تەنیا بۆ خۆ کاندیدکردنەوەیە، ڕۆڵی ئەوان لە ماوەی ڕابردوو لە دژایەتیی قەوارەی هەرێمی كوردستاندا دیاره و قسەکردن لەبارەی مووچەی فەرمانبەرانیش تەنیا بۆ خزمەتکردنی پڕۆژەی دژایەتیکردنی هەرێمی كوردستان بەکار ده‌هێنن، فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستانیان کردووەتە فاكته‌رێك بۆ جێبەجێکردنی ئەجێندایەکی ئیقلیمی.
ئه‌وه‌شی ده‌ربڕی، كه ڕەفتار و هەڵسوکەوتی ئەو چەند په‌رله‌مانتاره، بۆ ئه‌وان ئاساییە "ئەگەر لەبەرەی میللەت و خەڵکدا بینران، ئەوکاتە من بە نائاسایی دەیبینم، چونکە ئەوانه هه‌ر لە بنەڕەتدا دژن و ناشتوانن دژ نەبن و لێیان قبووڵ ناکرێت لەلایەن ئەو دەوڵەتە ئیقلیمییەی کە بەکاریان ده‌هێنن“.
ئاشكراشی كرد، كه ئه‌و په‌رله‌مانتارانه له دەرەوەی بەرنامە و پڕۆژەی حزبەکانیانن و "لەلایەن دەوڵەتێکی ئیقلیمییه‌وه زیاتر هان دەدرێن، چونکە ڕەفتار و گوفتاریان تەواو پێچەوانەی تێڕوانین و ئەدا و بەرنامەی حزبەکانیشیانە".
ڕوونیشی كرده‌وه، كه ئه‌و په‌رله‌مانتارانه، خۆشیان باش دەزانن ئەو ڕێگای گرتوویانەتە بەر، هیچ خزمەتێک بە مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان ناکات، بەڵام دەیانەوێت لەو ڕێگەیەوە شەڕی بە وەکالەتی دەوڵەتێکی ئیقلیمی دژی قەوارەی هەرێمی كوردستان بکەن.
ناسیح عەبدولڕەحیم، له به‌شێكی دیكه‌ی ئاخاوتنه‌كه‌یدا، سه‌رنجی خسته سه‌ر ئه‌وه‌ی، ئه‌و په‌رله‌مانتارانه، لە ڕێگەی ختووکەدانی هه‌ست و سۆزی مووچەخۆران و قۆستنەوەی ئەو بارودۆخە ئابووری و نالەبارەی هەرێمی كوردستان و خراپیی ڕه‌وشی فەرمانبەران، كار بۆ ئەجێندایەکی ئیقلیمی و ناوچەیی بكه‌ن، ڕوونه كه هیچ خەمێکی مووچەخۆریان نییە و ته‌نانه‌ت دژی چاره‌سه‌ركردنی کێشەی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستانن، چونكه به چاره‌سه‌ربوونی ئەم کێشەیە، کارتێکی موزایه‌دەکردنیان له ده‌ستدا ده‌سووتێ.
ئه‌و چالاكوانه، ده‌گمه‌نیی ئه‌و جۆره پێشهاتانه‌ی ده‌ربڕی، كه "له هیچ شوێنێكی دنیادا نموونەی لەم جۆرە نوێنەرانە نابینرێ كە سەنگەر لە میللەت و هەرێمەکەی خۆیان بگرن و لە سەنگەر و به‌ره‌ی نەیارانی هەزاران ساڵەی میللەتەکەیانەوە تەقە لە هەرێمەكەیان و خەڵکەکەی خۆیان بکەن".
باس‌نیوز
