ئەندامێكی سەركردایەتیی كەركووكی پارتی: دوای چۆڵكردنی بارەگاكانمان و گەڕانەوەمان باسی دانانی پارێزگاری كەركووك دەكەین

ئەندامێكی سەركردایەتیی كەركووكی  پارتی: دوای چۆڵكردنی بارەگاكانمان و گەڕانەوەمان باسی دانانی پارێزگاری كەركووك دەكەین
ئەندامێكی ئەنجوومەنی سەركردایەتیی كەركووك - گەرمیانی پارتی دیموكراتی كوردستان رای گەیاند، پاش ئەوەی بارەگاكانیان لە لایەن هێزە خۆسەپێنەكانی كەركووك كە دوای ١٦ی ئۆكتۆبەری ٢٠١٧ داگیر كراوە، چۆڵكرا و پارتی گەڕایەوە كەركووك و ئاڵای حزبەكە و كوردستان لەسەر بارەگاكانی هەڵدرا، باسی دانانی پارێزگارێك بۆ كەركووك دەكەن.

لە كاتێكدا دەنگۆی چوونی ڕاكان جبووری، پارێزگاری ناشەرعیی كەركووك بۆ پەرلەمانی عێراق و دانانی كەسێكی پێكهاتەی توركمان لە پۆستی پارێزگار دەكرێت، د. فەرهاد كەركووكی، ئەندامی ئەنجوومەنی سه‌رکردایه‌تیی که‌رکووک - گه‌رمیانی پارتی دیموکراتی کوردستان رایگەیاند، جگه‌ له‌ ئەنجوومەنی سه‌رکردایه‌تیی پارتی، ده‌یان باره‌گای پارتی له‌ که‌رکووک داگیر كراوە و داخراوە، له‌وانه‌ بارەگای لقی سێ، کۆمه‌ڵگای ئازادی، بارەگای ناوچه‌کان و چەندان بارەگای دیكە.

ڕوونیشی كردەوە كە ئەگەر ڕێككەوتنی شنگال لە لایەك و ڕێككەوتنێكیش لەبارەی ئاساییكردنەوەی دۆخی كەركوك بكرێت، دەبێت تاوەكوو مانگی حوزەیرانی ٢٠٢١ ڕێككەوتنەكان جێبەجێ بكرێن و پرسەكان یەكلایی بكرێنەوە.

جەختیشی كردەوە: ”ناکرێت پارتی وه‌زیری له‌ به‌غدا هه‌بێت، په‌رله‌مانتاری هه‌بێت، که‌چی نه‌توانێت له‌ خورماتوو و که‌رکووک بێت، ناكرێ گه‌وره‌ترین حزبی کوردستان ڕێگەی نه‌بێت کاری سیاسی له‌و ناوچانه‌دا بكات“.

سەركردەكەی پارتی ئەوەی دووپات كردەوە كە حزبەكەی بە كەرامەت و ئاڵای كوردستانەوە دەچێتەوە كەركووك، ”ده‌بێت هێزی پێشمه‌رگه‌ش بۆ پاراستنی سنووری كەركووك بگەڕێتەوە شارەكە، باره‌گاکانی پارتی بكرێنەوە و كاروباری ئەمنیی شارەكە بدرێتە دەست پۆلیس، هەروەها حەشدی شەعبی بچێتە دەرەوە و ئاڵاكانی پارتی و كوردستانیش وەك هەر شوێنێكی دیكە، ئاسایی بێت بەرز بكرێتەوە“.

ڕاشیگەیاند كە كەی ئەم هەنگاوانەی سەرەوە جێبەجێ كران، ”ئەوكاتە باسی پارێزگاری كەركووك و یەكلاكردنەوەی دەكەین، ئەمە مافی كوردە و دەبێت پارتی و یەكێتی لەمبارەیەوە ڕێك بكەون و كەسێكی بێلایەن و كوردپەروەر بە پارێزگاری كەركووك دابنێن“.












باسنیوز


Top