سلێمانی.. کۆمەڵێک بڕیار و ڕێوشوێنی نوێ لەبارەی پەتای کۆرۆناوە دەدرێن

سلێمانی.. کۆمەڵێک بڕیار و ڕێوشوێنی نوێ لەبارەی پەتای کۆرۆناوە دەدرێن
ئەندامێکی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی ڕای گەیاند، لە سنووری پارێزگای سلێمانی و سنووری ئیدارەی ڕاپەڕین زۆرترین ژمارەی مردن بەهۆی پەتای کۆرۆناوە هەیە، بڕیاریشە کۆمەڵێک بڕیار و ڕێوشوێنی نوێ بۆ خۆپارێزی لە پەتاکە دەربکرێت.

کاسترۆ مەعروف، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی ڕایگەیاند: "بەپێی ئەو داتایانەی لە دوا کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی پێمان دراوە، لە سنووری ئیدارەی ڕاپەڕین ژمارەی مردن بە پەتای کۆرۆنا لە تەواوی پارێزگای سلێمانی و ئیدارەی گەرمیان و پارێزگای ھەڵەبجە زیاترە".

ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی داوای لە ھاووڵاتییانی سنووری ئیدارەی ڕاپەڕین کرد: "زیاتر خۆیان بپارێزین و پابەندی ڕێنوێنیی خۆپارێزی لە پەتای کۆرۆنا بن و ئەو ماوەیە پەیوەندییە کۆمەڵاتییەکان کەم بکەنەوە بۆ ئەوەی چی دیکە بینەری مەرگی ئازیزانیان نەبن".

هەر لەمبارەوە ڕێبوار ئەحمەد، سەرۆکی لیژنەی تەندروستیی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: "لە دوا کۆبوونەوەی سەرۆکایەتیی ئەنجویمەنی پارێزگای سلێمانی لەگەڵ ژمارەیەک لە سەرۆک فراکسیۆنەکان و لیژنەی تەندروستیی ئەنجومەن و لیژنەی تایبەتی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی سلێمانی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی پەتای کۆرۆنا بڕیارمان داوە بە ھەماھەنگیی ئەنجوومەنی پارێزگا و لیژنەی باڵای ئۆپەراسیۆنی پارێزگای سلێمانی و ئیدارەکانی گەرمیان و ڕاپەڕین، لەپێناو کەمکردنەوەی ژمارەی تووشبوانی پەتای کۆرۆنا، ئامادەکاری بۆ دەرکردنی ژمارەیەک بڕیار و رێنوێنیی نوێی تایبەت بەو پەتایە دەربکەین".












باسنیوز


Top