لیژنەیەكی پەرلەمانی عێراق دەست بە هەوڵی چارەسەركردنی كێشەكانی بەغدا و هەولێر دەكات

لیژنەیەكی پەرلەمانی عێراق دەست بە هەوڵی چارەسەركردنی كێشەكانی بەغدا و هەولێر دەكات
ئەمڕۆ سێشەممە لیژنەیەكی تایبەتی پەرلەمانی عێراق كە لەلایەن محەمەد حەلبووسی سەرۆكی پەرلەمانەوە پێك هێنراوە، دووپاتی لەسەر ئامادەیی بۆ كاركردن لەسەر چارەسەركردنی كێشەكانی نێوان بەغدا و هەولێر كردەوە.

پەرلەمانتار محەمەد شەیاع سودانی سەرۆكی لیژنە تایبەتەكە لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاند كە لەسەر بنەمای ئەو ڕێككەوتنەی لەگەڵ سەرۆكی پەرلەماندا كردوویانە و فەرمانی دیوانی بۆ دەرچووە كە راسپێردراون بە ئەركێكی نیشتمانی و دووپاتی دەكەنەوە ئامادەیی تەواویان تێدایە بۆ خەرجكردنی هەموو هەوڵ و توانایەك لەپێناو خزمەتكردنی یەكێتیی نیشتمانیی گەلانی عێراق و پاراستنی دادپەروەری و دابەشكردنی سەروەتەكانی بە شێوەیەكی دادوەرانە.

سودانی لەم سۆنگەیەوە ئاماژەی بەوە كردووە كە چارەسەركردنی ڕیشەیی كێشەكان دەبێتە هۆی خزمەت گەیاندن بە هەموو لایەك و وەبەرهێنانیش لە وڵاتەكە پێشدەخات، بۆیە داوا لە هەردوو حكوومەتی فیدراڵیی عێراق و حكوومەتی هەرێمی كوردستان دەكەن هاریكار بن لەپێناو گەیشتن بە ڕێگەچارەی ڕاستینەی كێشە هەڵپەسێردراوەكانی نێوان هەردوولا.

پەرلەمانتارەكە دووپاتی كردووەتەوە كە سەركەوتنی ئەم ئەركە دەشێ ببێتە نمونەیەكی باشی توانای عێراقییەكان لە چارەسەركردنی كێشەكانیان بە دەستی خۆیان و بە بێ دەستێوەردانی دەرەكی.











باسنيوز


Top