کارتی زیرەکی بەشە خۆراک لەڕێگەی وەرگرتنی نموونەی تۆڕی چاوەوە ئامادە دەکرێت

کارتی زیرەکی بەشە خۆراک لەڕێگەی وەرگرتنی نموونەی تۆڕی چاوەوە ئامادە دەکرێت
بەرپرسێکی وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ئاشکرای کرد ئامادەکردنی کارتی زیرەکی بەشە خۆراک لەڕێگەی پەنجە مۆرەوە سەرەکەوتنی بەدەست نەھێنا و ئێستا کار لەسەر ئەوە دەکرێت لەڕێگەی وەرگرتنی نموونەی تۆڕی چاوەوە ئەو کارتە ئامادە بکرێت.

نەوزاد شێخ کامل، بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی لە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: "پێشووتر و بە ئامانجی ئامادەکردنی کارتی زیرەکی بەشە خۆراک لەڕێگەی ئامێری تایبەتەوە پەنجەمۆری چەند ھاووڵاتییەکمان وەرگرت، بەڵام پڕۆژەکە سەرکەوتنی بەدەست نەھێنا و وەستێندرا".

گوتیشی: "ئێستا حکوومەتی عێراق دوو ئامێری وەک تاقیکردنەوەیەک بۆ دوو پارێزگا دابین کردووە کە یەکێکیان بۆ سلێمانی دابین کراوە و لەڕێگەی وەرگرتنی نموونەی تۆڕی چاوەوە کارتی زیرەکی بەشە خۆراک دروست دەکرێت، کارەکە سەرکەوتنی بەدەست ھێناوە".

نەوزاد شێخ کامل ڕوونیشی کردەوە: "دوای دابینکردنی بودجە و تێپەڕینی کۆرۆنا، عێراق بەنیازە گرێبەست لەگەڵ کۆمپانیای بیانی بکات بۆ ئەوەی ئەو ئامێرانە بکڕێت و بە فەرمی دەست بە جێبەجێکردنی پڕۆژەکە بکرێت".

بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی باسی لەوەش کرد: "بە جێبەجێبوونی ئەو ھەنگاوە، ناوی دووبارە و مردوان و ئەوانەی ڕۆیشتوون بۆ دەرەوەی وڵات، لەناو سوودمەندانی بەشە خۆراکی مانگانە دەردەھێندرێت و بەوەش پڕۆسەی دابینکردن و دابەشکردنی بەشە خۆراک بە شێوەی باشتر و خێراتر لە پێشووتر بەڕێوە دەچێت".










باسنیوز


Top