شۆفێرانی بارهەڵگری مەرزی پەروێزخان لەبەردەم ئیدارەی گەرمیان گرد بوونەوە
محەمەد حەمەئەمین كەلاری، نوێنەری شۆفێرانی مەرزی پەروێزخان، رايگەیاند: "ئەمڕۆ دووشەممە 23/11/2020، وەك شۆفێرانی بارهەڵگر لە مەرزی پەروێزخان مانمان لە كاركردن گرتووە و بەمەبەستی ڕێکخستنی گردبوونەوە و خۆپیشاندان هاتووینەتە بەردەم ئیدارەی گەرمیان."
گوتیشی: "چەند داواكارییەكمان هەیە و پێویستە ئیدارەی گەرمیان و بەرپرسانی ئێرانی لە سنووری پەروێزخان بۆمانی چارەسەر بكەن لەوانە، نەبوونی گۆڕەپانی تایبەت بە وەستانی ئۆتۆمبێل لە دیوی ئیران، زۆر گرفتی بۆ شۆفێران دروست كردووە و نازانین بارهەڵگرەكانمان لەكوێ بوەستێنن، هەروەها لە ئێران گازفرۆشان بە زۆر گاز بە شۆفێرانمان دەفرۆشن و قسەكردن لەگەڵ گازفرۆشانیش سوودی نییە و بەرپرسانی ئەو وڵاتەش بێدەنگن."
نوێنەی شۆفێرانی مەرزی پەروێزخان راشی گەیاند: "لەدیوی هەرێمی كوردستان، گرفتەكانمان زۆر نین، بەڵام پێویستیان بە چارسەرە لەوانە لەكاتی چوونمان بۆ ئێران و هاتنەوەمان پارەی پاكژكردنەوەمان لێ وەردەگیرێت لەلایەن كۆمپانیاوە، بەدەر لەوە بەشێك لە گواستنەوەی گەرمیان هاتووەتە مەرزەكە و لە بەرامبەر ئۆتۆمبێل كڕین و گۆڕینی شۆفێراندا پارەیان دەوێت."
باسنيوز
