عوسمان ئۆجەلان: هێرشی راگەیاندنی پەكەكە بۆ سەر هەرێمی کوردستان لە خزمەتی داگیركەرانە
عوسمان ئۆجەلان، سیاسەتمەداری کورد ڕاگەیاند: "هێرشی راگەیاندنی پەكەكە لە دژی هەرێمی كوردستان لە خزمەتی داگیركەرانە و من هێرشیی میدیایی بۆ سەر خەڵک و حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕەتدەکەمەوە و ئاشکرایە کە حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەمەڕ شەڕی نێوان پەكەكە و توركیاش هەڵوێستی بێلایەن بووە".
گوتیشی: "لەنێو پەكەكە پێشتر و ئێستاش جۆرە سیایەتێكی هەڵە پەیڕەو دەکرێ، بەتایبەت ئێستا ئەوان لەگەڵ پێكهێنانی دەوڵەتدا نیین و هەروەها لەگەڵ پێكهێنانی هیچ قەوارەیەكی كوردی نیین و سیاسەتی ئێستایان دیار نییە كە بۆچی كار دەكەن".
لەماوەی چەند هەفتەی ڕابردوودا چەکدارانی پەکەکە لە سنووری ئامێدی هێرشیان کردە سەر هێزەکانی پێشمەرگە و بەو هۆیەوە پێشمەرگەیەک شەهید و چەند پێشمەرگە و فەرماندەیەکیش بریندار بوون هەروەها بۆڕی هەناردەی نەوتی کوردستانیان تەقاندەوە، سەرەڕای ئەوانەش چەند ڕۆژێکە پەکەکە لە رێگەی دەزگا راگەیاندنەکانییەوە هێرشی میدیایی لە دژی خەڵک و حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەستپێکردووە.
باسنيوز
