پیاوێكی كورد لە تەمەنی 139 ساڵیدا کۆچی دوایی کرد
ئەحمەد سۆفی، وەک بەساڵاچووترین کەسی ناو ئێران ناوی دەرکردبوو. ئەم پیاوە لە گۆڕەپانی ئاسنگەرانی شاری سەقز لەدایک بووە، هەرگیز منداڵی نەبوو، بەڵام باپیری 100 نەوە و نەتیجە هەبووە، چونکە لەگەڵ خاتوونێک هاوسەرگیریی کردبوو، کە پێنج منداڵی هەبوو، بۆیە ئەحمەد سۆفی باوەپیارە (زڕباوک)ی ئەو پێنج منداڵە بووە، کە ئێستا بوون بە زیاتر لە سەد کەس.
کوردستان بەساڵاچووترین کەسەکانی جیهانی لەخۆ گرتووە و نهێنیی ئەو تەمەندرێژییەش بۆ جوگرافیای شاخاویی کوردستان و خواردنی سروشتی و گژوگیا سەرشاخەکان و خۆراکی تەندروستی کوردەواری دەگەڕێتەوە.
لە شارەدێی زەڕین ئاوای سەر بە قەزای دیهلوڕانی پارێزگای ئیلامیش، پیرەپیاوێک بە ناوی حاتەم محەمەدی دەژی، کە تەمەنی 128 ساڵە. مام حاتەم 10 منداڵ و 27 نەوە و 22 نەوەزای هەیە و سەر بە هۆزی نەوکەرپیری ئیلامە لە رۆژهەڵاتی کوردستان.
لەوە سەیرتر، چەند ساڵ پێش ئێستا، ئەمین رەزایی، 140 ساڵەیی خۆی جێژن گرت کە تا ئەوکاتە هەشت منداڵ و 70 نەوە و نەوەزای هەبوو. ئەم پیرەپیاوە دانیشتووی گوندی جابرئەنساری سەر بە ئابدانانی پارێزگای ئیلامە لە رۆژهەڵات.
لە گوندی راهدانەی سەر بە شاری نەغەدەی رۆژهەڵاتیش، پیاوێکی 132 ساڵە بەناوی عەباس مەنایی دەژی. ئەم پیاوە نهێنیی تەمەندرێژیی خۆی بۆ خواردنی دروستی کوردەواری دەگەڕێنێتەوە و دەڵێت: "خواردنی تەندروست وای کردووە، تا ئێستا هیچ دەرمانێکی کیمیایی نەخۆم و نەخۆش نەکەوم".
باسنيوز
