لە شارباژێڕی سلێمانی نەخۆشییەک درەختی بەرهەمدار وشکدەکات
لە شارباژێڕی سلێمانی نەخۆشییەک لە درەختە بەرهەمدارەکان دەدات و وشکیان دەکات. لیژنەیەکی کشتوکاڵی سەر بەو پارێزگایە بۆ بەدواداچوون سەردانی ناوچەکەی کردووە.
مام عەبدوڵڵا کە لە گوندەکەیان بە عەبدولى مام ئەحمەد ناوبانگى هەیە، سەروو 60 ساڵە و لە لەدایکبوونەوە تا ئەمڕۆ لە سەراوى ناوچەى شارباژێر نیشتەجێیە، باس لە بەڵایەکى نوێ دەکات کە تووشی بەشێک لە درەختەکانى هەندێک گوندى ئەو سنوورە بووە.
درەختى دارمازوو گۆپکەیەک دەردەکات کە ئەوان پێى دەڵێن دەمکانە و دواى ماوەیەک پەلوپۆى درەختەکە وشک دەکات. کار وابڕوات زیانێکى زۆر بە بژێوى و پیشەى باخداریی ئەو ناچەیە دەگەیەنێت.
عەبدولى مام ئەحمەد، باخدارە لە گوندى سەراو و دەڵێت، "درەختەکە ئەم دەمکانەیە دروست دەکات. سەرەتا سەوزە دوایی زەرد، پاشان ئەو لقە وشک دەکات و دواتر هەموو درەختەکە. ساڵانى رابردوو مەڕدارەکان ئەو دەمکانانەیان دەبرد بۆ ئالیک و ئاڵف، ئێستا ئاژەڵدارى کەمبووتەوە و درەختەکان وشک بوون. سمۆرە ئەم دەمکانانە دەگوازێتەوە و بکەوێتە سەر هەر درەختێک ئەوەش وشک دەکات."
دانیشتووانى ئەو گوندانە هانایان بۆ پارێزگارى سلێمانى بردووە. لە پارێزگاوە لیژنیەکى کشتوکاڵى چوونەتە بەشێک لە گوندەکانى ئەو دەڤەرە.
سەرۆکى لیژنەکە کە بەڕێوەبەرى دارستان و پاوانى سلێمانییە داواى 11 ملیۆن دینارى کردووە بۆ ئەوەى ئەو پەلوپۆیانەى نەخۆشییەکەیان بەرکەوتووە ببڕدرێنەوە.
عەبدوڵڵا ئەحمەد، بەڕێوەبەرى دارستان و پاوانى سلێمانی راگەیاند، "چارەسەرەکەى ئاسانەن کە ئەوەیە پارە و کەرەستە بۆ ئەو گوندنشینانە دابین بکەین و ئەوان خۆیان درەختەکان هەڵبپاچن. کێشەکە ئەوەیە ئێستا کۆتایی ساڵە و نوسراو بۆ هەر وەزارەتێک بکەین، دەڵێت حسابى کۆتایی هەیە و پارە نییە."
شارباژێر لە باکوورى سلێمانییەوەیە و پانتاییەکى گەورەى سەوزایی، رەز و باخ و ئاژەڵدارىی ئەو پارێزگایە دابین دەکات، بەڵام جگە لە گرفتى درەنگ ساخبوونەوە و بێبازاڕیى بەروبوومەکانیان، ناوبەناو پەتا و ئافاتى کشتوکاڵییش هەراسانیان دەکات.
rudaw -
