کۆنفرانسی ژووری بازرگانیی ئەمریکا و هەرێمی کوردستان بەڕێوەدەچێت
تۆڕی میدیایی رووداو وەکو هاوبەشی سەرەکیی میدیایی کۆنفرانسەکە رووماڵ دەکات.
بەیان سامی، نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ئەمریکا بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "ئەو کۆنفرانسە سەرنج دەخاتە سەر لەپێشترییەکانی ئابووریی هەرێمی کوردستان دوای پەتای ڤایرۆسی کۆرۆنا. بۆ ئەوەی کە چۆن بتوانین دوای کۆرۆنا ئابووریی هەرێمی کوردستان بەهێز بکەین. هەروەها بۆ ئەوەی بتوانین پەیوەندیی نێوان عێراق و هەرێمی کوردستان بەهێز بکەین."
لە هەرێمی کوردستاندا چەندین کۆمپانیای گەورەی ئەمریکی هەن و وەبەرهێنان دەکەن، بەتایبەت لە بواری نەوت و غازدا. هەرێمی کوردستانیش بەو پێیەی دەیەوێت سەرچاوەکانی داهاتی لە تاکسەرچاوەوە بگۆڕێت بۆ فرەسەرچاوە، مەبەستییەتی سەرنجی لەسەر وەبەرهێنان بێت لە کەرتەکانی کشتوکاڵ و تەکنەلۆژیا.
ستیڤ لوتز، جێگری بەڕێوەبەری ژووری بازرگانیی ئەمریکی بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە رووداوی راگەیاند، "ژووری بازرگانیی ئێمە پەیوەندییەکی دوورودرێژی لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان و عێراق بەشێوەیەکی گشتی هەیە. سەرنج دەدەینە هەندێک لەو شوێنانەی کە بە راستی پەیوەندیی باشمان لەگەڵیاندا هەبووە. بۆ نموونە وەکو کەرتی وزە، بەرگری و ئاسایش. بەڵام دەمانەوێت بەشێوەیەکی جیاوازتر سەرنج بدەینە سەر شوێنە زانستییەکان، وەکو کەرتی تەندروستی کە کەرتێکە هەموومان چاومان لەسەرییەتی، بەتایبەی لەکاتی ئەو قەیرانەی کۆرۆنادا. لە کەرتی ئابووریی دیجیتاڵیشدا بەدوای دەرفەتدا دەگەڕێین. هەروەها ژێرخان، بەرەوپێشبردنی کارگەکان، کشتوکاڵ، هەموو ئەو سێکتەرانەی پەیوەندیان بە ئابووریەیوە هەیە."
هەرێمی کوردستان ئامانجییەتی ژمارەی کۆمپانیا ئەمریکییەکان لە هەرێمی کوردستاندا زیاتر بن، بۆیە لە لە رۆژانی 23 و 24ی تشرینی دووەمی 2020ـدا دوو کۆنفرانسی ئینتێرنێتیی هاوبەش لەگەڵ ئەمریکییەکاندا سازدەکات کە هەریەکەیان دوو کاژێر دەخایەنێت و چەندین میوان لە ئەمریکا و باشووری کوردستان بەشداریی تێدا دەکەن.
هەروەها مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان بەشداری لە کۆنفرانسەکەدا دەکات و گوتاری سەرەکی دەخوێنێتەوە و جێگری وەزیری وزەی ئەمریکاش بەشدارێکی سەرەکی دەبێت.
rudaw -
