وەزارەتی تەندروستی: هێشتا ژمارەی مردن بەرزە و شوێنەکانی چاودێریی چڕ سنووردارە
دوای سێ مانگ و 20 رۆژ کەمترین ژمارەی تووشبوون بە کۆرۆنا لە هەرێمی کوردستان تۆمارکرا. گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستییش دەڵێت، هێشتا ژمارەی مردن بەرزە و شوێنی چاودێریی چڕ لە نەخۆشخانەکانماندا سنووردارە.
د. ئاسۆ حەوێزی، گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستی هەرێمی کوردستان راگەیاند، "لەگەڵ ئەوەی ژمارەی تووشبوون کەمی کردووە، شوێنەکانی چاودێریی چڕمان سنووردارە. ئەو کەمبوونەوەیەی ژمارەی تووشبووانی کۆرۆنا لە هەرێمی کوردستان بەپێی خواستی ئێمە نییە، بەداخەوە ژمارەی مردن هێشتا زۆرە."
لە 2020/07/30 لە هەرێمی کوردستان 368 تووشبووی کۆرۆنا تۆمارکرا و 29ی حوزەیرانیش ژمارەی تووشبووان 309 کەس بووە، بەڵام ئەمڕۆ دوای سێ مانگ و 20 رۆژ بۆ یەکەم جار ژمارەی تووشبووانی کۆرۆنا بۆ 362 کەس دابەزی.
گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستی ئاماژەی بەوە دا، هۆکاری کەمبوونەوەی ژمارەی تووشبووانی کۆرۆنا بەگشتی بۆ چەند هۆکارێک دەگەڕێتەوە، وەک داخستنی چەند شوێنێك کە کردنەوەیان پێویست نەبووە، داخستنی قوتابخانەکان و پابەندیی هاونیشتمانییان رۆڵی بەرچاوی هەبووە.
بەڵام د. ئاسۆ حەوێزی دەڵێت، "دەبێت ئەو کەمبوونەوەی ژمارەیە نەبێتە متمانەیەکی زیاد، دەکرێت هەر شتێک رووبدات ئەگەر پابەندی نەمێنێت."
ئەو بەرپرسەی تەندروستی باسیشی لەوە کرد، بۆ کۆبوونەوەی لیژنەی باڵای بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنا کە بڕیارە کۆتایی مانگ بەڕێوەبچێت، راپۆرتی خۆیان بەرز دەکەنەوە. ئەو هۆکارانەی وایانکردووە ژمارەی تووشبووان کەمبێتەوە دەخرێنەڕوو، بڕیاری کۆتاییش لەلای لیژنەکەیە.
بارودۆخی تووشبوانی کۆرۆنا بە جۆرێکە، مردن رێژەی 3.2%، چاکبوونەوە 61.7% و ئەوانەشی لەژێر چارەسەردان رێژەی 35.1% پێکدەهێنن. هەروەها 61.6% لە رەگەزی نێر و 38.4% لە رەگەزی مێن.
لەسەر ئاستی پارێزگاکانی عێراقدا پارێزگای دهۆک لە ریزبەندی سێیەمی زۆرترین ژمارەی تووشبوون و سلێمانییش لە ریزبەندی یەکەمی ئەو پارێزگایانەدایە کە لە 24 کاژێری رابردوودا زۆرترین مردنیان تێیدا تۆمار کراوە.
د. ئاسۆ حەوێزی گوتیشی، "ئەوانەی تووشی کۆرۆنا دەبن بەشێكیان بە قورسی دەیگرن و بەشێکیشیان بە سووکی، بۆیە هەردوو جۆر هەن، بەداخەوە هێشتا ژمارەی مردن بەرزە و شوێنی چاودێریی چڕ لە نەخۆشخانەکانماندا سنووردارە."
تاوەکو ئێستا 92 هەزار و 938 تووشبووی ڤایرۆسی کۆرۆنا تۆمارکراون، لەو ژمارەیە 57 هەزار و 517 کەس چاکبوونەتەوە و 32هەزار و 444 کەس لەژێر چارەسەردان و دوو هەزار و 977 تووشبوویش مردوون.
rudaw -
