ڕاپەڕین.. هەڵمەتی چاندنی پێنج هەزار بەڕوو و مازوو و بادام بەڕێوە دەچێت
ئەمڕۆ شەممە 21/11/2020، سەلیم میراودەلی، سەرۆکی گرووپی هۆشیاری و ژینگەپارێزیی ڕاپەڕین، ڕایگەیاند: "لەم هەفتەیەدا هەڵمەتی چاندنی پێنج هەزار داری بەڕوو و مازوو و بادام لە ناوچەی مەرگەی سنووری ڕاپەڕین بەڕێوە دەچیت و داوا دەکەین لە هەڵمەتەکەدا سەرجەم ڕێکخراوە ژینگەییەکان و ژینگەدۆستان و چالاکانی مەدەنی و خۆبەخشان بەشدار دەبن، هەروەها داوامان لە شاخەوانان کردووە لە کاتی گەشتی شاخڕەویدا لەگەڵمان بەشدار بن و درەخت بچێنن".
گوتیشی: "ئەم چالاکییە ساڵانە دووبارەی دەکەینەوە لەم وەرزەدا، چونکە وەرزی چاندنی بەڕووە، هەروەها لەو ڕێگایەوە دەمانەوێت هاووڵاتیان هۆشیار بکەینەوە کە دوور بکەونەوە لە بڕینەوەی داری سروشتی، چونکە دار بۆ ژینگە و سروشتە و بۆ سووتاندن نییە، پێویستە سروشتی ناوچە شاخاوییەکان بپارێزرێت".
سەرۆکی گرووپی هۆشیاری و ژینگەپارێزیی ڕاپەڕین، ڕاشیگەیاند، کە سەرجەم دارەکان لە لایەن ڕێکخراوەکەیانەوە دابینکراوە و هەوڵ دەدەن لە ڕۆژانی داهاتوودا چالاکیەکانیان زۆرترین ناوچە شاخاوییەکانی هەرێمی کوردستان بگرێتەوە.
باسنیوز
