پارتی: په‌یوه‌ندیمان به چۆنیه‌تیی دیاریكردنی بابەشێخی ئێزدییانەوە نەبووە
مەحموود محەممەد، گوتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان رایگەیاند، "ئێمه وێڕای پیرۆزبایی گه‌رممان له خوشك و برایانی كوردی ئێزیدی، رایده‌گه‌یه‌نین كه له‌م ره‌وشه‌دا و ئێستا له هه‌موو كات زیاتر هاووڵاتیانمان پێویستیان به یه‌كگرتوویی و یه‌كڕیزی هه‌یه".
لە روونکردنەوەکەی گوتەبێژی پارتیدا هاتووە کە کوردانی ئێزدی به‌گوێره‌ی رێكار و دابونەریتی ئایینی خۆیان بابهشێخیان دیاریكردووه، دەڵێت "دیسان ئه‌و ده‌ستانه‌ی ویستیان شنگال له كوردستان داببڕن و له رێگەی خه‌ڵكی شنگاله‌وه شه‌رعیه‌تی بوونی خۆیان به‌ده‌ستبهێنن و ئه‌وانه‌یشی كه جگه له زیان هیچ سوودێكیان بۆ شنگالییه‌كان نه‌بووه، هه‌وڵی تێكدانی په‌یوه‌ندیی پته‌وی نێوان شنگالییه‌كان ده‌ده‌ن و ده‌یانه‌وێت وه‌كو رێچكه‌ی مێژوویی خۆیان بۆ تێكدانی یه‌كڕیزی، تانه و ته‌شه‌ر له چۆنیه‌تیی دیاریكردنی بابه‌شێخی خوشك و برایانی ئێزدی بده‌ن و مه‌رامی سیاسی و گرێ ده‌روونییه‌كانیان له په‌نای ئه‌م بابه‌ته‌وه له دژایه‌تیكردنی پارتیمان بهێننه دی."
لە روونکردنەوەکەی گوتەبێژی پارتیدا ئاماژە بەوە دراوە، "ئێمه له پارتی دیموكراتی كوردستان له دوور و نزیكه‌وه ته‌ده‌خول و په‌یوه‌ندیمان به چۆنیه‌تیی دیاریكردنی پله و پایه جڤاكی و ئایینیه‌كانی خوشك و برایانی كوردی ئێزیدی نه‌بووه، به‌ڵكو رێز له ئه‌نجامی كۆبوونه‌وه‌ی شێوازی هه‌ڵبژاردنی بابه‌شێخ و بڕیاره‌كانیان ده‌گرین."
رۆژی 2020/11/16 قاسم شەشۆ، فەرماندەی فەرماندەیی شنگال رایگەیاند، بەهۆی پەراوێزخستنی کوردانی ئێزدیی شنگال، وەکو کارگێڕی لقی 17ـی پارتی دەستی لە کار کێشاوەتەوە و چیتر فەرماندەی فەرماندەیی شنگالیش نییە.
قاسم شەشۆ لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووک گرتەیەکی ڤیدیۆیی هەشت خولەکیی بڵاوکردەوە و باسی لە هۆکارەکانی دەستلەکارکێشانەوەی کرد.
قاسم شەشۆ، فەرماندەی فەرماندەیی شنگالیشە، لە گرتە ڤیدیۆییەکەدا دەڵێت، "داوای لێبوردن لە سەرۆک مەسعود بارزانی، جەنابی نێچیرڤان بارزانی، کاک مەسرور بارزانی و کاک سیداد بارزانی و سەرکردایەتیی پارتیمان دەکەم. ناچاربووم ئەوە بڵێم، سەرۆک مەسعود بارزانی، کاک نێچیرڤان بارزانی و کاک مەسرور بارزانی، زۆر شت هەن لە شنگال روودەدەن ئێوە ئاگاداری نین. هەندێک لە قیادەکانمان هەندێ رەفتار دەکەن ئێزدییەکان نیگەران دەکەن، منیش یەکێکم لەوانە."
بە گوتەی قاسم شەشۆ، بابەشێخی ئێزدییان دانراوە بەبێ وەرگرتنی بۆچوونی ئێزدییەکانی شنگال و "میری کوردانی ئێزدی خۆی دایناوە بەبێ گەڕانەوە بۆ ئێزدییەکانی شنگال. وەک ئەوەی باس دەکرێت پشتیوانی پارتەکەمانی لەگەڵ بووە. بۆیە من دەڵێم دەستم لە پارتی کێشایەوە. لە ئەمڕۆ بەدواوە وەکو کەسێکی بێلایەن دەمێنمەوە، فەرماندەی فەرماندەیی شنگال نیم."
رۆژی 2020/11/14 شەممە لە کۆبوونەوەی میر و جڤاتی رووحانیی کوردانی ئێزدی بڕیاردرا شێخ عەلی ئیلیاس وەکو بابە شێخی ئێزدییان دیاری بکرێت.
عەلی شێخ ئەلیاس رۆژی 2020/11/18 چوارشەممە له مه‌راسیمێكی ئایینی‌دا له په‌رستگەی لالش لە شێخان، ئه‌ركه‌كانی بابه‌شێخ به فه‌رمی وه‌ردەگرێت، بەڵام بەبێ رازیبوونی بەشێکی کوردانی ئێزدی.
ئەو فەرماندەیەی شنگال لە ڤیدیۆکەیدا دەڵێت، "ناتوانم بڵێم لەناو پارتی رێزم ناگیرێت، بەپێچەوانەوە رێزم دەگیرێت؛ لە لایەن جەنابی سەرۆک و کاک نێچیرڤان و کاک مەسرور و کاک سیداد بە بەردەوامی رێزم لێدەگیرێت. با کەس نەڵێت بەهۆی شتێکی کەسییەوە نیگەران بووم و قسە دەکەم. نەخێر بەهۆی شتی خۆمەوە ناڕەحەت نیم. هاوکات کارگێڕی لقی 17م و جوامێرەکان لەبەرامبەر من درێخی ناکەن. کەسانی وەکو حازم (میری کوردانی ئێزدی) ئێمەی ئێزدییەکانی شنگالی پەراوێز خست. موختار و کەسەکانی شنگالی پەراوێز خستووە".
قاسم شەشۆ ئاماژە بەوەش دا، نە دان بە حازم تەحسین بەگدا دەنێت وەکو میر و نە بابەشێخی نوێی هەڵبژێردراویش وەکو بابەشێخ قبووڵ دەکات، "کە بەدەنگی حازم و لایەنگرانی و بە پەراوێزخستنی شنگالییەکان دانراوە."
دوای ئەوەی کۆبوونەوەکەی جڤاتی رووحانی ئێزدییان، 40 رۆژ دوای کۆچی دوایی شێخ خرتۆ حاجی ئیسماعیل (بابەشێخی پێشووی ئێزدیان) لە 14/11/2020 لە دهۆک بەڕێوەچوو، میر حازم بەگ میری ئێزدیان و ژمارەیەک لە کەسایەتییەکانی ئێزدیان بەشداربوون. عەلی شێخ ئەلیاس وەک بابەشێخی نوێ هەڵبژێردرا.
عەلی شێخ ئەلیاس کێیە؟
• بابەشێخی نوێی ئێزدیانە
• لە هەمان بنەماڵەی ئایینی شێخ فەخری ئادیایە
• ناوی تەواوی عه‌لی ئه‌لیاس حه‌جی ناسرە
• رۆژی 5/12/1979 لە قەزای شێخان و لە بنەماڵەیەکی ئایینی له‌دایكبووه
• خەڵکی کۆمەڵگەی شێخکایە
• خێزاندارە و باوکی چوار منداڵە
• تاوەکو قۆناخی شه‌شی سه‌ره‌تایی خوێندووە
• له منداڵییه‌وه فێری قه‌ول و به‌یتی ئێزدیان بووە
• حه‌جی ناسری باپیرەی لە 1920- 1954 بابەشێخ بووە
• شێخ ئه‌لیاسی باوکی لە 1977- 1995 بابەشێخ بووە
• دوای كۆچی دوایی باوكی، چووه‌ته په‌رستگەی لالش و خزمەتی پەرستگەکەی کردووە
بەشێکی کوردانی ئێزدیی شنگال، به هۆز و كه‌سایه‌تییه سیاسی و سه‌ربازییه‌كانەوە، دانانی بابه‌شێخی نوێ ره‌تده‌كه‌نه‌وه. بەڵام
لایەنی بەرامبەر بڕیاره‌كه‌ی میر حازم بۆ دانانی بابه‌شێخ بە "دادوه‌رانه" ناو دەبەن و دەڵین، بە دەنگی ئه‌ندامانی جڤاتی رووحانی بووە کە جڤاتەکە لە پێنج کەس پێکدێت و میر سەرۆکایەتی دەکات.
شێخ خرتۆ حاجی ئیسماعیل، بابەشێخی کۆچکردوو، ئەندامێکی جڤاتەکە بوو کە لە 2020/10/01 و لە تەمەنی 87 ساڵیدا لە هەولێر بە نەخۆشی کۆچی دواییکرد.
زێدی زۆربه‌ی ئێزدیانی باشووری کوردستان ده‌كه‌وێتە قه‌زای شێخان و شنگال؛ شێخان له باكووری مووسڵە، له رووی کارگێڕییەوە سه‌ر به دهۆکە. قه‌زای شنگالیش 120 كیلۆمەتر لە خۆرئاوای مووسڵ هەڵکەوتووە و سه‌ر به پارێزگای نه‌ینه‌وایه.
پێگه‌ی بابه‌شێخ، به‌رزترین پله‌ی ئایینی ئێزدیانە و به رابه‌ری رووحی هه‌ژمارده‌كرێت. لەماوەی 40 رۆژ لە کۆچی دوایی بابەشێخ، ئەگەر کەس بۆ ئەو پۆستە خۆی بەربژێر نەکرد، یان یەکلایی نەکرایەوە، بەربژێرێک بۆ ئه‌و پێگه‌یه له‌لایه‌ن جڤاتی رووحانی و میر به راوێژکردن له‌گه‌ڵ سه‌رۆك عه‌شیره‌ت و ژماره‌یه‌ك كه‌سایه‌تی ئایینی داده‌نرێت.
rudaw --
