شه‌ڕی په‌كه‌كه‌ 200 خێزانی سنووری ئامێدی ئاواره‌ كردووه‌

شه‌ڕی په‌كه‌كه‌ 200 خێزانی سنووری ئامێدی ئاواره‌ كردووه‌
قایمەقامی قەزای ئامێدی، ئیسماعیل محەمەد ئەمڕۆ پێنجشەممە رایگەیاند، بە ھۆی چەند بارەبوونەوەی بۆردومانی توركیا بۆ خاكی ھەرێم شەپۆلی ئاواره‌بوونی خەڵك لە گوند و ناوچەكانییان بەردەوامە.

قائیمقامی ئامێدی بە پێگەی "مەعلومە"ی راگەیاندووە، لەو چەند رۆژەی دواییدا زیاتر لە 200 خێزان خانووەكانی خۆیان جێھشتووە و ئاوارە بوونە بەھۆی بەردەوامی بۆردومانەكانی توركیا بۆ ناوچەكانی باتیفا و كانی ماسی و گوندەكانی ئامێدی.

ئیسماعیل محمەد گوتی: "ئەو خێزانانە پەنایان بردووەتە بەر شارەكان. ئەمەش بووەتە مایەی زیانێكی زۆری ئابووری، چونكە زۆربەی ئەو خێزانانە جوتیارن و كێڵگەی پەلەوەر و كێڵگەی گەورە و باخیان ھەیە و بۆ بژێوی ژیانی خێزانه‌كانیان پشتیان پێدەبەستن".

ئاماژەشیكرد، چەند مانگێكە شەڕی نێوان چەكدارانی پارتی كرێكارانی كوردستان "پەكەكە" و ھێزەكانی توركیا كاریگەری لە سەر قەزاكە كردووە، تەنانەت كاریگەری لە سەر كەرتی گەشتوگوزاریش كردووە، لەبەر ئەوەی زۆربەی ھاووڵاتیان دوو دڵن و ترسیان ھەیە لە چەند بارەبوونەوەی بۆردومانە ھەڕەمەكییەكان، كە ھاووڵاتییانی بێگوناهـ دەبنە قوربانی.
k24 -
Top