تەرمی د. فرسەت سۆفی بەخاك سپێردرا
پاش ئەوەی بەیانیی ڕۆژی چوارشەممە ١٨ی ١١ی ٢٠٢٠ لە نەخۆشخانەیەكی ئەنقەرە و بە تێپەڕبوونی ٣٠ ڕۆژ بەسەر تووشبوونی بە پەتای كۆرۆنا كۆچی دوایی كرد. ئەمڕۆ پێنجشەممە، تەرمی د. فرسەت سۆفی، پارێزگاری كۆچكردووی هەولێر، لە ڕێگەی فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێرەوە گەیشتەوە شارەكەی و لە مەراسیمێكی شكۆداردا، پێشوازی لێكرا و تاجەگوڵینەی لەسەر دانرا.
كەمێك لەمەوبەریش تەرمی د. فرسەت سۆفی لەنێو ئاپۆڕای جەماوەری هەولێر، لە گۆڕستانی شێخ ئەحمەد بەخاك سپێردرا.
فرسەت سۆفی (لەدایکبووی ١٩٧٨ لە گوندی گەزنەی سنووری قەزای چۆمانە) لە ١٢ی ئەیلوولی ٢٠١٩ەوە پارێزگاری شاری ھەولێرە دوای ئەوەی لەلایەن ئەنجوومەنی پارێزگای ھەولێر ھەڵبژێردرا.
فرسەت سۆفی دکتۆرای لە یاسای نێودەوڵەتی ھەیە و ماوەیەک لە زانکۆی سەلاحەدین و زانکۆی پۆلیتەکنیکیی ھەولێر مامۆستای زانکۆ بووە. لە خولی چوارەمی پەرلەمانی کوردستان لە فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان ئەندام پەرلەمان بووە. یەکەمین ئەندام پەرلەمانی کوردستانە کە مووچەی خانەنشینی ڕەتکردەوە و گەڕایەوە سەر کارەکەی پێشووی.
باسنيوز
