وەزارەتی کارەبا: خواستی خەڵک لەسەر کارەبا زۆر و کاژێرەکانی کارەباش کەم بوون
ئومێد ئەحمەد، بەڕێوەبەری کۆنترۆڵی کارەبای هەرێمی کوردستان و گوتەبێژی وەزارەتی کارەبا راگەیاند، "لەم وەرزەدا بەهۆی نزمبوونەوەی پلەی گەرما خواستی هاونیشتمانییان لەسەر بەکارهێنانی کارەبا زیادیکردووە، هەرچەندە بەرهەم وەکو خۆیەتی، بەهۆی زۆربوونی خواستی بەکارهێنانی رۆژانە 15 بۆ 16 کاژێر کارەبای نیشتیمانی هەیە، جگە لەو شوێنانەی گرفتی محاویلەیان هەیە".
لە هەرێمی کوردستان زیاتر لە ملیۆنێك و 500 هەزار هاوبەشی کارەبا هەن. ئومێد ئەحمەد دەڵێت، ئێستا رۆژانە 3000 مێگاوات کارەبا بەرهەمدەهێندرێت، بەڵام ئەوەی زیادیکردووە خواستە لەسەر بەکارهێنانی، کە "تەنیا لە هەفتەیەکدا خواست 1100 مێگاوات زیادیکردووە".
لە وەرزی زستاندا خواست لەسەر بەکارهێنانی کارەبا بەرزدەبێتەوە، بەجۆرێک دهۆک 1800 مێگاوات، سلێمانی 2200 مێگاوات، هەولێر 2800 مێگاوات و گەرمیانیش 350 مێگاوات کارەبای پێویستە، جیا لەوانەش 200 مێگاوات کارەبا بە کارگەکانی ئاسن دەدرێت.
بەڕێوەبەری کۆنترۆڵی کارەبای هەرێمی کوردستان و گوتەبێژی وەزارەتی کارەبا گوتیشی "زستانی ئەمساڵ چاوەڕاندەکرێت خواست لەسەر بەکارهێنانی کارەبا بۆ 7000 مێگاوات بەرزبێتەوە. کۆمباین سایکلێکمان لە سلێمانی هەیە لە دوو رۆژی داهاتوودا دەیخەینەگەڕ. لە رۆژانی داهاتوودا لەو هەولێر بە هەمان شێوە کۆمباین سایکلێکی دیکە ئیشپێدەکرێت، بەڵام ئەوەی لە دەرەوەی خواستی ئێمەیە خواستی بەکارهێنەرانی کارەبایە. گرفتی گەورەمان لە کۆنترۆڵی خواستە".
ناوبراو باسیشی لەوە کرد، هیوادارن ئەم زستانە لانیکەم پێداویستیی هاونیشتمانیان دابینبکەن و هاونیشتمانیانیش بەگوێرەی پێویست بەکاریبهێنن و هاوکاریان بن.
rudaw -
