نێچیرڤان بارزانى و نوێنەرى تایبەتى سکرتێرى گشتیى نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق کۆ بوونەوە
لە کۆبوونەوەیەکدا سەرەتا خاتوو پلاسخارت، بۆ کۆچى دواییى خوالێخۆشبوو د. فرسەت سۆفی، پارێزگارى هەولێر، سەرەخۆشى لە سەرۆک نێچیرڤان بارزانى و خانەوادەى خوالێخۆشبوو کرد و هاوسۆزى و هاوخەمیى خۆى لەگەڵیان دەربڕى، ئینجا دۆخى عێراق بەگشتى، بارودۆخى ئاوارە و پەنابەران لە کەمپەکانى هەرێمى کوردستان، دوایین ڕێککەوتنى حکوومەتى هەرێمى کوردستان و حکومەتى فیدراڵى عێراق لەبارەى شەنگالەوە، هەڵبژاردنە پێشوەختەکانى داهاتووى عێراق و دوایین پێشهاتەکانى بڵاوبوونەوەى ڤایرۆسى کۆرۆنا و پەتاى کۆڤید_19یان تاوتوێ کرد.
لەبارەى رێککەوتنى هەردوو حکومەتى هەرێم و فیدراڵەوە بۆ ئاساییکردنەوەى دۆخى شەنگال کە لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکان و کۆمەڵگەى نێودەوڵەتییەوە پشتگیرى لێکراوە، هەردوولا هاوڕابوون کە رێککەوتنەکە گرنگە و هاوکارى و هەماهەنگیى لایەنە پەیوەندارەکانى دەوێت بۆ ئەوەى بکەوێتە بوارى جێبەجێکردنەوە، هەروەها جەختیان لە پێویستیى عێراق بە ئارامى و سەقامگیرى کردەوە. نێچیرڤان بارزانى دووپاتى کردەوە کە هەرێمى کوردستان بە ڕێز و پێزانینەوە لە ڕۆڵى گرنگى نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق دەڕوانێت و ستایشى کارە مرۆییەکانى لە شەنگال کرد.
دەربارەى کەمپەکانى ئاوارە و پەنابەرانیش لە هەرێمى کوردستان، نێچیرڤان بارزانى دووپاتى کردەوە کە هەرێمى کوردستان پشتگیرى لە گەڕانەوەى خۆویستانەى ئاوارەکانى عێراق بۆ شار و ناوچەکانیان دەکەنەوە و ڕوونى کردەوە بەڕێوەبردنى کەمپەکان و دابینکردنى خزمەتگوزارییەکانى وەک پەروەردە و تەندروستى و ئاو و کارەبا و خزمەتگوزارییە گشتییەکانى دیکە، تێچوویەکى زۆر لەسەر هەرێمى کوردستان دەکەون، هەردوولاش هاوڕا بوون کە دەبێ زەمینەسازیى دروست لەڕووى دابینکردنى ئارامى و ئاسایش و خزمەتگوزارییەکانەوە بۆ گەڕانەوەى خۆویستانەیان بکرێت.
دۆخى سیاسى و ئەمنیى عێراق، پەیوەندییەکانى هەولێر ـ بەغدا، بەرەنگاربوونەوەى تیرۆر و چەند پرسێکى جێى بایەخى هەردوولا، تەورێکى دیکەى کۆبوونەوەکە بوون.
باسنيوز
