لە گوندێکی سنووری دووبز کورد ڕێگە نادەن عەرەبی هاوردە خانوو دروست بکەن
كویخا كازم هەمەوەندی، ئەنجوومەنی گوندی عەمەشەی سەر بە قەزای دووبز، ئەمڕۆ چوارشەممە 18/11/2020، رایگەیاند: "ئێمە پێش دوو ڕۆژ لەگەڵ سەعد حەربی فەرماندە ئۆپەراسیۆنەكانی كەركووك دانیشتین و داوایان لێ كردین ئێمە لە نزیك گوندی عەمەشە 10 دۆنم زەوی بدەینە ئەو عەرەبە هاوردانە و لە بەرامبەردا ئەوانیش واتە بەرپرسانی كەركووك لە جێگەیەكی تر 10 دۆنم زەوی بە ئێمە بدەن، ئێمەش بە هیچ شێوەیەك قبووڵمان نەکرد عەرەبی هاودە لە نزیكی ئێمە گوندیان بۆ دروست بكرێت."
گوتیشی: "داوامان كرد لە سنووری خۆیان گوند دروست بكەن، دواتر فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەكانی كەركووك عەرەبە هاوردەكانی ئاگادار كردەوە كە كورد بە دابەشكردنی زەوی رێك ناكەون."
كوێخا كازم هەمەوەندی، راشی گەیاند: "دوایین مۆڵەتمان داوە بە عەرەبە هاوردەكان داوە تا سێ رۆژی تر بلۆك و كەرەستەی خانووەكانیان ببنەوە، هەرچەند ئەمڕۆ و سبەینێمان پێ دەكەن، بەڵام تا سێ رۆژ لێیان دەوەستین و دواتر خۆمان بلۆك و كەرەستەكانی خانووەکانیان دوور دەخەینەوە."
ماوەی زیاتر لە یەک هەفتەیە کۆمەڵێک عەرەبی هاوردە بە یارمەتیی هێزە ئەمنییەکانی کەرکووک و بە نامەی پاڵپشتیی پارێزگاری سەپێندراوی کەرکووک بەتەمان لە نزیک گوندەی عەمەشەی کوردان لە سنووری دووبز ١٥٠ خانوو دروست بکەن.
دوای رووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەری 2017 تا ئێستا لە ناوچە كوردستانییەكان و بەتایبەت لە ١٢ گوندی ناحیەی سەرگەڕانی قەزای دووبز عەرەبە هاوردەکان هەوڵ دەدەن زەویی كوردانی ئەو ناوچانە داگیر بكەن، بەڵام كورد چونکە سەدان ساڵە لەسەر ئەو خاکە ژیاون وبە فەرمی خاوەنی تاپۆی یاسایین، هەتا ئێستا کۆڵیان نەداوە و ڕێگە نادەن عەرەبی هاوردە خاک و گوندەکانیان داگیر بکەن.
باسنیوز
