بێگەرد تاڵەبانی: فرسەت سۆفی لە كاتی پەرلەمانتاری و پارێزگاریی هەولێردا خزمەتی زۆری کردووە

بێگەرد تاڵەبانی: فرسەت سۆفی لە كاتی پەرلەمانتاری و  پارێزگاریی هەولێردا خزمەتی زۆری کردووە


وەزیری كشتوكاڵی حكوومەتی هەرێمی كوردستان رای گەیاند، ئەو كاتەی د. فرسەت سۆفی مامۆستای زانكۆ، پەرلەمانتار و پارێزگاری هەولێر بووە، خزمەتی زۆری كردووە و جێپەنجەی دیار بووە.

بێگەرد تاڵەبانی، وەزیری كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو، لە پەیامێكدا كە ئاراستەی بنەماڵەی د. فرسەت سۆفی كردووە، ئاماژەی بەوە داوە: ”بەداخ و پەژارەیەکى زۆرەوە بۆ کۆچی دوایى برا و هاوڕێى ئازیزم کاک د. فرسەت سۆفی، پارێزگاری هەولێر، مخابن بۆ لەدەستدانی کەسایەتییەک کە هەوێنى تەبایی و برایەتى و کارى باش و دڵسۆز بوو“.

ئەوەشی راگەیاندووە: ”له ناخمەوە نيگەرانم بۆ لەدەستدانى برا و هاوڕێ و دراوسێیەکى زۆر باش، هاوبەشى خەمتانم“.

بێگەرد تاڵەبانی جەختی لەوە كردۆتەوە، ”د. فرسەت سۆفی کاتێک مامۆستاى زانکۆ، پەرلەمانتار و پارێزگاری هەولێر بوو، خزمەتی زۆری کردووە و جێپەنجەی دیار بووە“.

بەیانیی ئەمڕۆ چوارشەممە ١٨ی ١١ی ٢٠٢٠، دوای تێپەڕبوونی سی ڕۆژ بەسەر تووشبوونی بە پەتای كۆرۆنا، د. فرسەت سۆفی، پارێزگاری هەولێر كۆچی دوایی كرد.







باسنیوز
Top