نێچیرڤان بارزانی په‌یامێكى بۆ كۆچى دوایی د. فرسه‌ت سۆفى بڵاو كرده‌وه‌

نێچیرڤان بارزانی په‌یامێكى بۆ كۆچى دوایی د. فرسه‌ت سۆفى بڵاو كرده‌وه‌


سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان لە پەیامێكدا سەرەخۆشی لە بنەماڵەی د. فرسەت سۆفی، پارێزگاری كۆچكردووی هەولێر و خەڵكی هەولێر و کوردستان دەكات و ئاماژه‌ى به‌وه‌ داوه‌: "د. فرسەت كەسێكی كارزان و دڵسۆز بوو".

ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 18/11/2020، نێچیرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، په‌یامێكى بڵاو كرده‌وه‌ و ده‌ڵێت: "بەبۆنەی كۆچی دواییی د. فرسەت سۆفی، پارێزگاری هەولێره‌وه‌، لە دڵەوە خەمگینی و ماتەمینیی خۆمان ڕادەگەیه‌نین و سەرەخۆشی لە خێزان و كەسوكاری و هەموو خەڵكی پارێزگای هەولێر و کوردستان دەكەم".

سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان باسى له‌وه‌ش كردووه‌: "د. فرسەت سۆفی هەر لە سەرەتای تەمەنیەوە ڕۆڵێكی گرنگی لە ڕیزەكانی یەكێتیی قوتابییانی كوردستاندا گێڕا، دواییش وەك كادیرێكی پێشكەوتوو لە بواری كاری جەماوەریدا ڕۆڵی هەبوو، هەروەها وەك پەرلەمانتارێكی چالاك و یاساناسێكی لێهاتوو، ڕۆڵێكی زۆر بەرچاوی لە پەرلەمانی كوردستاندا هه‌بوو، كارزانی، دەستپاكی، نیشتیمانپەروەری و دڵسۆزیی د. فرسەت، ئەوی كردبووە كەسێكی خۆشەویست و جەماوەریی".

نێچیرڤان بارزانى ده‌شڵێت: "دوای وەرگرتنی پۆستی پارێزگاری هەولێر، زۆر بە دڵسۆزییەوە بەدەم كێشەكانی خەڵكەوە دەچوو، زۆر پڕۆژەی هەبوون بۆ پێشخستنی زیاتری شاری هەولێر و هەموو ناوچەكانی پارێزگای هەولێر، بەداخەوە مەرگ ڕێگەی نەدا زیاتر خزمەتی هەولێر و كوردستان بكات، خوای مه‌زن گیانی به‌ به‌زه‌یی و میهره‌بانیی خۆی شاد بكات و دڵنەوایی بە هەموو لایەك ببەخشێت، كار و دڵسۆزیی د. فرسەت سۆفی، هەمیشە لە یادی ئێمەدا دەمێنێتەوە".









باسنيوز
Top