یەکخستنی پێناسی گومرگی زیانی بە بەشێک لە کاسبکاران گەیاندووە

یەکخستنی پێناسی گومرگی زیانی بە بەشێک لە کاسبکاران گەیاندووە
سەنعان زیاتر لە 15 ساڵە بازرگانی فەرش و موکێتە، ساڵی 2020 بە یەکێک ساردترین ساڵی کاری خۆی ناودەبات، کۆرۆنا لە لایەک بازاڕی سست کردووە، لە لایەکی دیکە خۆی بە زەرەرمەندی سەرەکیی یەکخستن و زیادبوونی پێناسی گومرگی دەزانێت.

سەنعان ستار، بازرگانی فەرش دەڵێت "ئێستا کە بازاڕ نییە، دەبوا زیاتر چاویان لە ئێمە بووایە، بەڵام دۆخەکە خراپتر بووە بۆ ئێمە، گومرگ نزیکەی 70% زیادیکردووە. پێشتر هەر تۆنی 110 دۆلار بوو، ئێستا 375 و 385 دۆلارە. پارەکە سەیارەیەک 20 وەرەقەی تەکلیف دەکرد ئێستا 80 بۆ 90. یەک ترێلە داخل دەبێت کرێی دەفتەرێک بۆ دەفتەرێک و 10 وەرەقە مەسرەفیەتی".

سەرەتای ساڵی 2019 بە بڕیاری دەستەی گشتیی گومرگەکانی عێراق پێناسی گومرگی سەرجەم دەروازە سنوورییەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان بە یەک سیستەم رێکخران و کاریان پێدەکرێت. یەکێتیی هاوردە و ناردەکارانی هەرێمی کوردستان تێبینییان لەسەر یەکخستنی پێناسی گومرگی هەیە.

گەیلان حاجی سەعید، سەرۆکی لقی هەولێری یەکێتیی هاوردە و ناردەکارانی هەرێمی کوردستان دەڵێت "لە هەرێمی کوردستان ئەو یاسای یەکخستنی پێناسەی گومرگییە بەتەواوی جیبەجێ دەکرێت، بەڵام لە دەروازەکانی خواروو و ناوەڕاستی عێراق جێبەجێ ناکرێت، وەکو بەسرە و شارەکانی دیکە. ئەمەش کاریگەریی دەکاتە سەر بازاڕ لە هەرێمی کوردستان".

ئێران و تورکیا دوو لایەنی سەرەکیی هاوردەکردنی فەرش و موکێتن. پشکی شێری هاوردەکردنی فەرش بەر ئێران و پشکی شێری هاوردەکردنی موکێتیش بەر تورکیا کەوتووە. ساڵانە بە بەهای نزیکەی 800 ملیۆن دۆلار فەرش و موکێت هاوردەی هەرێمی کوردستان دەکرێت، لەم بڕە نزیکەی 50%ی لە تورکیاوە هاوردە دەکرێت.

لە ساڵی 2019دا 40 هەزار و 551 تۆن فەرش و موکێت هاوردە کراون، زۆرترینی لە دەروازەی ئیبراهیم خەلیلەوە بووە کە 27هەزار و 668 تۆن بووە.

لە ساڵی 2020دا 16 هەزار و 552 تۆن فەرش و موکێت هاوردەکراون و دابەزینی بەرچاوی بەخۆوە بینیوە، زۆرترینی لە دەروازی ئیبراهیم خەلیلەوە بووە کە هەشت هەزار و 295 تۆن بووە.
rudaw -
Top